خەڵکی هەریر لە دژی دروستکردنی بارەگای سەربازیی ناڕەزاییان دەربڕی

خەڵکی شارەدێی هەریری سەربە هەولێر، کە زۆربەی خەڵکی عەشیرەتی هەرۆتیین، لە دژی دامەزراندنی فڕۆکەخانە و بارەگای سەربازیی تورکیا و ئەمریکا ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەدان هاوڵاتیی شارەدێی هەریری سەربە شارۆچکەی سۆرانی هەولێر لە دژی بەسەربازیکردنی شوێنی ژیانیان و دروستکردنی بارەگای سەربازیی لەو ناوچەیەدا چالاکییان ئەنجامدا.

هاوڵاتیانی شارەدێی هەریر چەند ڕۆژ بوو بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکییە ناڕەزاییە ئامادەکارییان دەکرد، سەرئەنجام ئەمڕۆ ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان پیشاندا.

هاوڵاتیانی عەشیرەتی هەرۆتی کە لەڕێگای کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن، لە دژی ئەوەی دروستکردنی ئەو بارەگایانە ژیانیان لێ تێکدەدات ناڕەزاییان دەربڕی.

ئەو هاوڵاتیانە نیگەرانییان سەبارەت بە دروستکردنی ئەو بارەگایانە دەربڕی و ڕایانگەیاند، بە دروستکردنی ئەو بارەگایانە سەرچاوەکانی ژیانیان لەناودەچێت، هەروەها ئاماژەیان بەوەشدا، کە جووڵانەوەی لە ڕادەبەدەری فڕۆکە و هێزی سەربازیی لە شوێنی ژیانیان، کاریگەری خراپ دەکاتە سەر منداڵەکانیان لە ڕووی دەروونییەوە.

ئەو هاوڵاتیانە کە کاری سەرەکییان ئاژەڵدارییە، دەڵێن: ئەگەر ناوچەکە بەسەربازیی بکرێت چیاکان بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لەوان قەدەغە دەکرێت و ناچاردەبن ئاژەڵەکانیان بفرۆشن.

هاوڵاتیان هەروەها ڕایانگەیاند، کە ئەمریکا بەتەمایە جگە لە فڕۆکەخانەی سەربازیی دەشتی هەریر، بارەگا و فڕۆکەخانەی دیکەش لەو ناوچەیە دروست بکات.

فڕۆکەخانەی سەربازیی دەشتی هەریر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا دروستکرابوو، پاش ئەوەی ڕژێمی بەعس لە کوردستان دەرکرا، ئەو فڕۆکەخانەیە کەوتە ژێڕ کۆنتڕۆڵی ئەمریکاوە، فڕۆکەخانەکە لەو ساڵانەدا گەورەتر کراوە و بۆ ئەوەش بەشێک لە زەوی و خاکی هاوڵاتیان داگیرکراوە، هاوڵاتیان دەڵێن ئەو فڕۆکەخانەیە بۆ مەبەستی سیخوڕیی و هەواڵگریی و هەروەها سەربازیی بەکاردەهێندرێت.

هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورک، کە بەسەر ئاسمانی برادۆست، خواکورک، خنێرە و قەندیلدا دەسووڕێنەوە لەو فڕۆکەخانەیەوە هەڵدەستن، هەروەها ئەو فڕۆکەخانەیە وەک شوێنێک بۆ فەرماندەیی هێرشەکان بەکاردەهێندرێت.

هەرچەند هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، کە ئەو فڕۆکەخانەیە بۆ ئامادەکاری لەدژی ئێران دروستدەکرێت و پەرەی پێدەدرێت، بەڵام لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٨ وە هەوڵەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان زیاتری کردووە، ئەوەش دەیسەلمێنێت دروستکردنی ئەو بارەگایە تەنیا بۆ ئامادەکاری لە دژی ئێران نییە، بەڵکو بنکەیەکی دیکەیە بۆ بەرفراوانکردنەوەی پیلانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستان.

ژمارەیەکی دیکە لە سەرچاوەکانیش ئاشکرایان کردووە، کە دروستکردنی فڕۆکەخانەکە بە هاوکاریی دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدەدرێت، ئەمریکا و تورکیا دەیانەوێت لە داهاتوودا ئەو بارەگایە بەشێوەی هاوبەش بەکاربهێنن.

جێگای ئاماژەیە، کە لە مانگی ئازاری ٢٠١٨ وە بۆ ئێستا زیاتر لە ١١ بارەگای سەربازیی سوپای تورک لە خاکی باشوری کوردستاندا دروستکراوە، ئەوەش کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئابوریی و ئارامیی ناوچەکە کردووە.


ک.ک