"ئابوری كوردستان لەبەردەم داڕوخانێكی قورسدایە" 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان باس لە داڕووخانی ئابوری هەرێمی كوردستان دەكات و هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەتی هەڵەی حكومەتی هەرێم.


عەلی حەمە ساڵح لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:" بەشی هەرە زۆری كارگەكانی كوردستان داخراون، بەشێكی كەمی ماوە و ئەویش لەبەردەم داخستندایە".

ئاشكراشیدەكات تەنیا لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە ١٥٦٠ كارگە، ١٣٥٠ كارگە داخراوە، واتە ٨٦٪ كارگەكان داخراون، ئەوانەشی ماون لەبەردەم مەترسی داخستندان و لەهەولێر و دهۆكیش هەمان گرفت بوونی هەیە. 

عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوەش دەكات، بەشێكی زۆری كارگەكانی هەرێم ڕوو لە باشور و ناوەڕاستی عێراق دەكەن و بەشێكی دیكەشیان بەرنامەیان داناوە كارگەكان بگوازنەوە. 

لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا عەلی حەمە ساڵح دەڵێت:" هۆكاری سەرەكی ئەم داڕووخانە سیاسەتی هەڵەی حكومەتی هەرێم بووە بە پشتیوانی نەكردنی بەرهەمی ناوخۆ و گران كردنی كارەبا و دابین نەكردنی سوتەمەنی و پشتیوانی نەكردنی بەرهەمی ناوخۆ بەرامبەر كاڵای دەرەكی، ئەمە جگە لە وەرگرتنی سەرانە بۆ هەندێك كەرەستەی خاو لەلایەن كۆمپانیای حیزبی بە ناوی هاوكاری بۆ كەس و كاری شەهیدان ".

د.ح