ئابووریناسێک: بایکۆت هەلێکە بۆ برەودان بە بەرهەمی ناوخۆیی

ئابووریناسێک ئاماژە بەوەدەکات، بایکۆتی کاڵای تورکی هەلێکە بۆ برەودان بە بەرهەمی ناوخۆیی و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات، بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ناوخۆیی، باجی زیاتر بخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، بودجەی زیاتریش بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازیی و گەشتوگوزار تەرخان بکات.


بایکۆتی کاڵا و شمەکی تورکی لە باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە و ڕۆژ بەڕۆژیش فراوانتر دەبێت، نەبەرد کەریم، مامۆستا لە کۆلێژی دارایی و ژمێریاریی زانکۆی پۆلەتەکنینی سلێمانی، لەبارەی سوودی بایکۆتی کاڵای تورکی بۆ پەرەپێدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

نەبەرد کەریم پێیوایە، بایکۆت دوو سوودی سەرەکیی هەیە و دەڵێت: سوودی یەکەم ئەوەیە کە هاوڵاتیان وەک چەکێک دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەکاریدەهێنن، سوودێکی دیکەشی بۆ برەودانە بە بەرهەمی ناوخۆ، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە بازرگانەکان بتوانن گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆیی بدەن.

دەشڵێت: هەرکاتێک گرنگیی بە بەرهەمی ناوخۆیی درا، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەلی کاریش، لە ساڵانی ڕابردوودا گرنگیی زۆر بە پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە، ئێستا دەتوانن سیستمی بازرگانییەکانیان بگۆڕن و برەو بە کەرتی پیشەسازیی، گەشتیاریی و کشتوکاڵ بدەن، ئەمەش دەبێتە پلانێکی ستراتیژیی بۆ ئەوەی لە هەموو بارودۆخێکدا هەرێمی کوردستان پشت بە بەروبوومی ناوخۆیی ببەستێت.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە دەڵێت: دەکرێت ئەو بەرهەمانە بەکاربهێندرێت کە ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت، ئەو بەرهەمانەشی کە لە ناوخۆ بەرهەم ناهێندرێت دەتوانین بەرهەمی وڵاتانی دیکە جگە لە تورکیا بەکاربهێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پلانیش دابنرێت بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانەی کە پێویستن بۆ ناوخۆ.

نەبەرد کەریم بە گرنگیشی دەزانێت، لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بودجەی کەرتی وەبەرهێنان زیاد بکرێت و "زۆرتر گرنگیی بە بوارەکانی کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازیی و گەشتوگوزار بدرێت، بۆ ئەوەی لە چوار ساڵی داهاتوودا بتوانین ببینە خاوەن کۆمەڵێک پرۆژەی کشتوکاڵیی و پیشەسازیی".

هەروەها دەشڵێت: دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ناوخۆیی، باجی زیاتر بخاتە سەر ئەو بەرهەمانەی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ زیاتر گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی.

ک.س