ئاگرکەوتنەوە و لافاو زیانی ١٧٧ ملیۆن دیناریان لە هەڵەبجە داوە

لە ساڵی ڕابردوودا ٣٦٨ ڕوووداوی ئاگرکەوتنەوە و لافاو لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا هەبووە، کە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام کۆی گشتیی زیانە داراییەکانی بە زیاتر لە ١٧٧ ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.


ئەمڕۆ زانیار عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی ساڵی ٢٠١٨ی سنووری پارێزگاکەی بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ٣٥٩ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و نۆ ڕووداوی لافاو تۆمارکراون، لە نێویاندا ٣٠ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵان، ٢٥ ڕووداوی سوتانی ئوتومبێل و ٢٤٥ ڕووداوی سوتانی شاخ و دەشتەکان هەبوون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ڕووداوەکان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام کۆی گشتی زیانە داراییەکانی سەرجەم ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٨، بریتیبووە لە ١٧٧ ملیۆن و ٤٢٠ هەزار دینار.

بە بەراورد بە ئاماری ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧، لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٩١ ڕووداو کەمتر لەلایەن بەرگریی شارستانی هەڵەبجە تۆمارکراون.

ش.ف