ئاڵای هەرێم لەبەر هونەرمەندێکی تورک دادەگیرێت؟

بەشێک لە هاوڵاتییان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە شەوی ڕابردوو لە پارکی هەواری شاری سلێمانی ئاڵای هەرێمی کوردستان لەبەر هونەرمەندێکی تورک لە کۆنسێرتەکەیدا دادەگیرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هەواڵەکە ڕەتدەکەنەوە.


کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو لە شانۆی ڕۆمانی لە پارکی هەواری شاری سلێمانی، کۆنسێرتێکی گۆرانی بۆ گۆرانیبێژی تورک کۆرای ئاڤچی بەڕێوەچوو.

کۆنسێرتەکە بە سپۆنسەری کۆمپانیایەکی گەشتیاریی ناوخۆی هەرێم سازکراو، بەوتەی بەشداربووانی کۆنسێرتەکە نرخی بلیتی کۆنسێرتەکە لە نێوان ١٥ بۆ ٤٥ دۆلار بووە، بەشێک لە بەشداربووانی کۆنسێرتەکە و بەگوێرەی ئەو وێنەیەی بڵاوبووەتەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە بەر لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە ئەو ئاڵایەیەی هەرێم کە لەسەر شانۆی ڕۆمانی شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە بووە داگیراوە.

لەوبارەیەوە هەردی عابد، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای تایگەر فۆرس کە ئەرکی پاراسنی کۆنسێرتەکەی لە ئەستۆ بووە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، هەواڵی لابردنی ئاڵای کوردستان لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکەدا دورە لە ڕاستییەوە و ئەوان ئاڵای کوردستان لەسەر دڵیانە و ئاگادارنین لەپێش کۆنسێرتەکەدا لەو شوێنە ئاڵای کوردستان هەبووە یان نا.

لە لایەکی دیکەوە سەردار خدر، بەڕێوەبەری شانۆی ڕۆمانی، لەسەر هەمان پرس ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە "لە کۆنسێرتی کۆڕای ئاڤچی دا لە ناو شانۆی ڕۆمانی بە هیچ جۆرێک ئاڵای کوردستان لانەبراوە و لە بناغەدا لە سەر شانۆی ڕۆمانی ئاڵای کوردستان دانەنراوە، لە سەربانی شانۆی ڕۆمانیش ئاڵا دانەنراوە و هەرکەسێ ئیدیعای تری هەیە ئەتوانێ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی ڕاستیەکان بخاتەڕوو بۆ لێپرسینەوە، هەروەها کۆمپانیای زێڕین تراڤڵ ئەم کۆنسیرتەی بەڕێوە بردوە و دەزگاکانی حکومەت لە وردەکاری بەرپرسیار نین".

جێگەی باسە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە، لە شاری ترابزۆنی تورکیا، هێرش کرایە سەر کۆمەڵێک گەشتیاری هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی بە ئاڵای هەرێمی کوردستانەوە وێنەیان گرتبوو، ئەوەش کاردانەوەی هاوڵاتیانی کوردستانی لێکەوتەوە.

ک.س