ئێران: بۆ هەناردەکردنی نەوت کێشەی جدییمان هەیە

سەرۆکی دامەزراوەی پلاندانانی ئێران دەڵێت، دەوڵەتی ڕۆحانی لە هەناردەکردنی نەوت-دا تووشی کێشەی جدیی بووە و گەمارۆکان بووەتە هۆی کێشەی جۆراوجۆر لە بواری هەناردەکردنی نەوت. 


محەمەد باقر نەوبەخت، سەرۆکی دامەزراوەی پلاندانانی ئێران، ئەمڕۆ بە ئاژانسە ئێرانیەکانی ڕاگەیاندووە، کە گەمارۆ نەوتییەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی ئەوەی دەوڵەتی ئێران بە سەختی تووشی کێشە ببێت. 

محەمەد باقر نەوبەخت، کە هاوکات یاریدەدەری حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێرانە، ڕایگەیاندووە: "جگە لە کێشەی ڕێژەی کەمیی فرۆشی نەوت، دەوڵەتی ئێران ناتوانێت ئەو دراوە بگەڕێنێتەوە، کە لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت". 

نەوبەخت هەروەها ئاماژەشی بەوە کردووە، کە بۆ هەناردەکردنی نەوت حکومەت پێویستی بە کەشتی-یە، بەڵام پێشەسازی کەشتیوانی ئێمەش گەمارۆی لەسەرە، تەنانەت ئەگەر بتوانین کەشتیەک بۆ گواستنەوەی نەوت بدۆزینەوە پێویستە ئەو کەشتی-یە بیمە بکرێت، کەچی بیمەکانیشمان گەمارۆیان خراوەتەسەر. 

 

ک.ک