ئێران هەناردەکردنی ١٥ ماددەی خۆراکیی بۆ هەرێم قەدەغە دەکات

بەهۆی ئەو ئابڵوقە ئابوورییەی لەسەریەتی ترس لە نەمانی خواردن لەناوخۆی وڵات-دا،حکومەتی ئیران هەناردە کردنی ١٥ جۆر ماددەی خۆراکیی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کرد.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، کە سیروان هەڤەندی، وتەبێژی گومرگی حاجی ئۆمەران بە ڕۆژنیوزی داوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی ئێران هەناردە کردنی ١٥ جۆر ماددەی خۆراکیی بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کردووە.

سیروان، ئاماژەی بە بەشێک لەو ماددە خۆراکییانە کرد، کە بریتین لە: برنج، شەكر، ئارد، دۆشاوی تەماتە، تەماتە، پەتاتە و جۆرەکانی شیرینیی و چەند ماددەیەکی دیکە.

هەر بەگوێرەی، وتەکانی وتەبێژی گومرگی حاجی ئۆمەران، حکومەتی ئێران هیچ وادەیەکی دیاریی نەکردووە، کە ئاخۆ کەی ئەو بەرهەمانە هەناردەی هەریمی کوردستان دەکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە هەرێمی کوردستان گرنگیی بە بەرهەمی ناوخۆ نادرێت و بووەتە بازاڕێک بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانی تورکیا و ئێران، ئەوانیش بە گویرەی بەرژەوەندیی بازرگانیی و سیاسیی خۆیان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن و لە هەرکاتیکدا بیانەوێت، بەبی گوێدان بە کاریگەرییەکانی لەسرە هەریمی کوردستان هەناردە کردن ڕادەگرن.

بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی ئەمریکا لەسەر ئێران دایناوە، دۆخی ئابووری ئێران لە ناوخۆدا زۆر خراپە و ئێران دەستیکردووە بە عەمبار کردنی ئەو بەرهەمانەی، کە بۆ ناوخۆ پێویستن و بڕەکەیان کەمبووەتەوە.

ش.ف