ئەردۆغان ئامادەیی دەربڕیوە هەرێمی کوردستان بفرۆشێت

سەرۆک کۆماری تورکیا لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، ئامادەیی دەربڕیوە هەموو ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵبووشێنێتەوە و لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق گرێبەست بکات، بەڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق هێشتا ڕەزامەندی لەسەر ئەو داوایەی ئەردۆغان نەداوە و دەیەوێت لەگەڵ هەرێم بگاتە ڕێککەوتن.


ساڵی ٢٠١٤، حکومەتی عێراق، کە ئەوکاتە لەلایەن نوری مالکی، سەرۆکایەتی دەکرا، لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی (icc)لە پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا، سکاڵای دژی تورکیا تۆمارکرد، لەسەر ئەوەی کە ڕێگەی داوە بە ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان بەبێ ڕەزامەندیی حکومەتی عێراق.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، کە پێشتر لە د.غالب محەمەد، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەرمانگرتبوو، حکومەتی عێراق داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبووی لە دەوڵەتی تورک کردووە، لەبەرامبەر ئەوەی کە بەبێ ڕاوێژکردن بە حکومەتی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان کردووە، ئەگەریش حکومەتی عێراق کەیسەکەی لە دادگا بباتەوە، ئەوا تورکیا پابەند دەکرێت بە بژاردنی ئەو بڕە پارەوە.

بەڵام سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، دەڵێت کە "بڕی قەرەبووەکە ٢٤ ملیارد دۆلارە و ئاشکراشی کرد، "بەرپرسانی تورکیا ڕاستەوخۆ و بەڕاشکاویی بە عێراقیان وتووە، کە ئەگەر لەو کەیسەدا تورکیا ناچاربکرێت قەرەبووی عێراق بکاتەوە، ئەوا یەک دۆلاری خۆیان نایدەن و هەموو ئەو پارەیە لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدەن، بەمەش داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەتەواویی دەکەوێتە دەستی تورکیا و یەک دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان ناگێڕننەوە".

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەئێستادا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەکات و لە فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت ٢٣ دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزیکەی ٧٠ دۆلارە، بەگوێرەی ئەوەش کۆی داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت ٢٨٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلارە، واتا نزیکەی٣٥٠ ملیارد دینار.

لەئێستادا دەوڵەتی تورک کەوتووەتە ژێر فشاری ئەو سکاڵایەی حکومەتی عێراق و خەریکە کەیسەکە لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلایی دەبێتەوە، بەپی وتەی جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەردۆغان ئامادەیی دەربڕیوە کە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە.

جەمال کۆچەر، لەبارەی وردەکاری قسەکانی عادل عەبدولمەهدی، لەسەر پرسی ئەو سکاڵایەی تورکیا و نەوتی هەرێم وتی: دوای گەڕانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە تورکیا، هەموو سەرۆک فراکسیۆنە کوردییەکان و جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، دانیشتنێکمان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بڕی بودجەی هەرێمی کوردستان زیاد بکات، ئەو پێی وتین من ناتوانم هیچ پارەیەک بەئێوە بدەم، لەبەر ئەوەی لەژێر فشارێکی زۆردام، تکاتان لێدەکەم ئەو فشارەی لەمنی دەکەن بڕۆن لە حکومەتی خۆتانی بکەن.

هەروەها دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە شکاتێکی حکومەتی عێراق لە تورکیا پرسیاری لێکرا، لە وەڵامدا وتی 'لەوەتەی من بووم بە سەرۆک وەزیران درێژترین کۆبوونەوە کە کردبێتم لەگەڵ ئەردۆغان بووە کە دوو کاتژمێری خایاند، هەموو کۆبوونەوەکەش لەسەر نەوتی هەرێم بوو، حکومەتی عێراق لە شکاتێکدا داوای ٢٤ ملیار دۆلاری کردووە لە تورکیا، ئەو شکاتە لە بەرژەوەندی ئێمە یەکلایی ئەبێتەوە، بەڵام من پێم باشە بە تێگەیشتن ئەو کەیسە یەکلایی بێتەوە، ئەردۆغانیش ئەزانێ کە لەبەرژەوەندی ئێمە شکاتەکە یەکلا ئەبێتەوە بۆیە داوای کرد ئێمە دەست لە داواکەمان هەڵگرین، ئەویش لە بەرامبەردا بەڵێنی ئەوەی داوە کە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات، هەموو ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی هەڵی بووەشێنێتەوە بە دوو مەرج، مەرجی یەکەم ئەوەیە عێراق دەست لە داواکەی هەڵبگرێت، دووەم ئەوەیە کە بەغدا نەوت بە تورکیا بفرۆشێت.

لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لەسەر پرسی نەوت، ناوبراو وتی: کۆتا دانیشتنمان پێش جەژنی قوربان بوو، وەزیری نەوتی عێراق وتی ئێمە داوای ڕادەستکردنی نەوتمان کردووە لە هەرێمی کوردستان، ئەویش وتوویەتی ئێمە ناتوان لەبەر ئەوەی ٢٤ ملیار دۆلار قەرزی نەوتمان لەسەرە، ئەبێت ئێوە ئەو قەرزە بخەنە سەر خۆتان ئەوکاتە ئێمەش نەوتان دەدەینێ، ئێمەش پێمان وتوون کە بۆمان دیاری بکەن ئەو ٢٤ ملیار دۆلارە قەرزی چییە، ئەوانیش بەڵینیان داوە بۆمان دیاری بکەن.

لەدوای کۆبوونەوەی عادل عەبدولمەهدی و ئەردۆغان، فاتیح دوڵمەز، وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، سەردانی بەغدای کرد، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەندین وەزارەتی پەیوەندی دار کۆبوویەوە و لەچوارچیوەی بازرگانی و وزەو نەوت قسەیان کرد.

هەروەها لەگەڵ وەزیری نەوت و وەزیری کارەبای عێراق کۆبووەوە، لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبدا هاتووە، لە کۆبوونەکەدا باسی بابەتی ڕاکێشانی هێڵێکی نوێی کارەبا کراوە لە تورکیا وە هەروەها باسی کەرەستەی بیناسازی و کارەبا کراوە.

فاتیح دوڵمەز، لە لێدوانکدا لەبارەی سەردانەکەیەوە وتی، کە دەیانەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لەگەڵ عێراقدا لە ١٣ ملیارەوە بگەیەننە ٢٠ ملیار دۆلار، هەروەها فاتیح دوڵمەز، داوای لە سەمیر خەزبان، وەزیری نەوتی عێراق کردووە لەسەر هێڵێ نەوتی کەرکوک جیهان خەتێکی نوێ دروستبەکەن و نەوتی باشور و باکوری عێراق بگەیەننە دەریای سپی.

خەزبان، لەلێدوانێکدا لەسەر هەمان پرس، دەڵێت، کە لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا باسی دروستکردنی هێڵێکی نوێی نەوتی کردووە لەنێوان کەرکوک تورکیا، بڕیاریان داوە ئەو هێڵە دروستبکەن و پەیوەستی بکەنەوە بەهێڵی نەوتی بەسرە – عەکاب، بۆ ڕاکێشانی هێڵی کارەباش لەتورکیاوە هەردوولا ڕەزامەندیان دەربڕیوە.

عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی لە بارەوەیە دەڵێت: حکومەتی عراق پێێ خۆشنییە هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ نەوت بفرۆشێت، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش بە تورکیا، لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە کێشەی تیایە، بۆیە حکومەتی عێراق هەوڵدەدات کە لەڕێگەی هەرێمی کوردستان و لەڕێگەی تورکیاشەوە ئەم گرێبەستانە هەڵوەشێنێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەپێی زانیارییەکانی ئەو هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستانە لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستاندا هەڵبوەشێتەوە، ئەگەر ئەوەش بکرێت ئەوە بەشێکی گرنگی داهاتی هەرێمی کوردستان وشک دەکات، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان حساب بۆ ئەوە بکەن.

عەدالەت عەبدوڵا، پێی وابوو، کە ئەگەر تورکیا دەرفەتی بۆ بڕەخسێ، دەیەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا مامەڵە و بازرگانی بکات، چونکە هەرێمی کوردستان نەوت بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشێت بە تورکیا، هەروەها کۆمپانیا تورکییەکان سودێکی زۆر دەبینن لە هەرێمی کوردستان.

وەک لە قسەی چاودێرانی سیاسی و پەرلەمانتاراندا دەردەکەوێت، تورکیا کەوتووەتە ژێر فشاری ئەوەی کە دەست لە کڕین و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەڵگرێت، وتەکانی ئەردۆغان و سەردانی وەزیری وزەی تورکیا بۆ عێراقیش، دەرخەری ئەوەن کە تورکیا ئامادەیە دەستبەرداری بازرگانی نەوت ببێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە مەرجی ئەوەی حکومەتی عێراق دەروازەی بازرگانی بۆ بکاتەوە، ئەگەر ئەوەش ڕووبدات، هەرێمی کوردستان ئەو گرێبەستە نا شەفایە ٥٠ ساڵییەی لەگەڵ تورکیادا هەیەتی لەدەستی دەدات.

د.ع