ئەمریکا: ئێرانمان لە داهاتێکی ٥٠ ملیار دۆلاریی بێبەشکردووە

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران ڕایگەیاندووە، سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی دڵخۆشە بە کەمپەینی فشاری ڕەها لەسەر ئێران، چونکە"توانیومانە ئێران لە داهاتێکی ٥٠ ملیار دۆلاری ساڵانەی نەوت بێبەش بکەین".


ئەمڕۆ برایان هۆک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، دەربارەی ناکۆکیی نێوان وڵاتەکەی و ئێران بۆ ئاژانسی "ئەلعەرەبیە" قسەیکردووە.

برایان هۆک ڕایگەیاندووە: فشارەکان لەسەر ئێران زیاد دەکات، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆمارییش دڵخۆشە بە کەمپەینی فشاری ڕەها لەسەر ئێران، نابێت ڕێگە بدەین ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

هۆک ئاماژەی بەوەکردووە، "لە چوارچێوەی فشارەکانماندا تەنیا لە یەک بەشدا، ئێرانمان لە داهاتی ساڵانەی ٥٠ ملیار دۆلاری نەوت بێبەش کردووە".

هۆک ئەوەشی وتووە"لە مامەڵەی کۆتایی لەگەڵ ئێراندا پێویستە هەمووکێشەکان، لەوانە دۆسیەی ئەتۆمی، مووشەکە بالستییەکان و پشتیوانی لە تیرۆریزم تاوتوێی بکرێت، مەرجە ١٢ خاڵییەکانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە، بنەمای هەر دانوستانێک دەبێت لەگەڵ ئێران-دا لە ئێستاشدا هیچ کەناڵێکی نهێنی بۆ دانووستان لەگەڵ ئێران لە ئارادا نییە".

ئاماژەی بەوەشكرووە، کە دوای فشارەکانی ئەمریکا بودجەی سەربازیی ئێران٢٩٪ کەمی کردووە.

س.ح