ئەمریکا هەڕەشەی گەمارۆدانی ئابووریی چەند وڵاتێک دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە، کە تا ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم کڕینی نەوت لە ئێران ڕاگرن، ئەگینا گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە.


شەوی ڕابردووە، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ میدیا جیهانییەکان لەبارەی کڕینی نەوت لە ئێرانەوە هۆشداریی داوەتە وڵاتانی جیهان.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەی ئەو لێدوانەی داوە ڕایگەیاندووە: گەمارۆ ئابورییەکانمان توندتردەبنەوە، چونکە ئەوە یەکێکە لە مەرجەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان.

ڕاشیگەیاندووە: ئەمریکا دانوستان لەگەڵ هیندستان و چین دەستپێدەکات بۆ ئەوەی کڕینی نەوت لە ئێران بوەستێنن.

ئاماژەی بەوەش داوە، کە لە ٤ی تشرینی دووەم بەولاوە گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا هەموو ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە، کە بەردەوام دەبن لە کڕینی نەوت لە ئێران.

جێگای ئاماژەیە، گەمارۆ ئابورییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کاریگەریی کردووەتە سەر دۆخی ئابوریی ئێران، لە ئاستێکدا کە بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار داکشاوە و ئەوەش ماوەی سێ ڕۆژە کە ناڕەزایی دووکانداران و کاسبکاران و هاوڵاتیانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتووەتەوە، چاودێران چاوەڕوان دەکەن، کە ئەم ناڕەزاییانە شەپۆلێکی دیکەی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەدژی حکومەتی بەدواوە بێت.

 

 

ش.ف