ئەمریکا ڕێگا دەدات عێراق کارەبا و گازی ئێران بکڕێت

کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاندووە، کە ئەمریکا ڕێگا دەدات عێراق گاز و کارەبا لەئێران وەربگرێت.


جۆی هود، کاربەڕێکەری باڵیوزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئێوارەی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕایگەیاند: عێراق وەدەر دەبێت لە گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە هاوردەکردنی وزە لە ئێران و بەوپێیە دەتوانێت گاز و کارەبا لە ئێران هاوردە بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو ئەمریکا ماوەی لێخۆشبوونی لەسەر هەشت وڵات هەڵگرت کە ڕێگەیان پێدرابوو بۆ ماوەی شەش مانگ نەوت لە ئێران هاوردە بکەن، ڕاشیگەیاند کە ئەو ماوەیە بۆ هیچ وڵاتێک درێژ ناکەنەوە، بەڵام عێراق لەناو لیستی ئەو هەشت وڵاتە نەبوو.

جۆی هود لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتوویەتی: پاڵپشتی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی لە زەمینە وزە بگاتە سەربەخۆیی و بتوانێت پێداویستییەکانی وڵاتەکەی بەرهەم بێنێت، سەرەڕای ئەمەش دیار نییە ئەو لێخۆشبوونەی بەر پشکی عێراق کەوتووە ماوەکەی چەند مانگ یان ساڵ دەبێت.

ش.ف