ئەمریکا کار بۆ ڕاگرتنی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێم دەکات

شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی کۆبوونەوە و پێشنیاریان کرد، کە بازرگانانی هەرێم لە جیاتی ئێران ڕوو لە ئەمریکا بکەن.


ئێوارەی ئەمڕۆ، شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا سەردانی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانییان کرد و لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی کۆبوونەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانی ئامانجی سەردانی شاندەکەی خستەڕوو و وتی: ئەم شاندە ئامانجیان پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی، وە هەروەها لەڕێگای هەرێمی کوردستانیشەوە کار لەگەڵ بازرگانانی عێراق بکەن.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، دیڤید تافوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانیی کوردستانیی ئەمریکی وتی: بازرگانانی ئەمریکا دەیانەوێت زیاتر برەو بە کاری بازرگانیی و وەبەرهێنان بدەن لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستانیش سوودی هەیە.

تافوری، وتیشی: پێمان باشە لەدوای زیادکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران، بازرگانانی  هەرێمی کوردستان زیاتر بۆ بازرگانییکردن ڕوو لە ئەمریکا بکەن، کە ئەمەش بۆ بازرگانەکانی هەرێمی کوردستان نوێ نییە.

جێگای ئاماژەیە، ئەو شاندە دوێنێ گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و سەرەتا لە شاری هەولێر، لەگەڵ بازرگانانی ئەو شارە کۆبوونەتەوە، بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی شارەکانی هەڵەبجە و دهۆکیش بکەن و بۆ هەمن مەبەست لەگەڵیان کۆببنەوە.

هەرێمی کوردستان زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ تورکیا و ئێران-دا دەکات و لەدوای ئەو گەمارۆ ئابوورییانەی، کە ئەمریکا خستییە سەر ئێران و بڕیارە گەمارۆ سەرەکییەکانی لە ڕۆژی ٥/نۆڤەمبەر دەست پێبکات، ئەمریکا ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان سنوورەکانیان بەڕووی ئێران-دا دابخەن.

 

ش.ف