ئەمریکا گەمارۆی سەر سیستمی بانکی ئێران توندتر دەکات

ئەمریکا 'بانکی ناوەندی ئێران و سندوقی گەشەپێدانی نەتەوەیی و کۆمپانیای بازرگانی پارس'ی خستە لیستی گەمارۆکانەوە، وەزیری خەزێنەی ئەمریکاش دەڵێت:"بانکی ناوەندی کۆتا ڕێگای پشتیوانی ماددی لە تیرۆریزمە".


دوێنێ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ئەمریکا بانکی ناوەندی ئێران خستە لیستی گەمارۆکانەوە، ئەمە باڵاترین ئاستی گەمارۆیە کە بخرێتەسەر وڵاتێک.

ستیڤن مەنوشین وەزیری خەزێنەی ئەمریکا هەر لەو کۆنگرەیەدا، ڕایگەیاند: گەمارۆ نوێیەکان دژی ئێران لە پێناو کەمپەینی فشاری ڕەها بۆسەر ئێرانە و سندوقی سامانی نەتەوەییان دەکاتە ئامانج، چێتر بودجەیەک بۆ خەرجکردن لە تیرۆر نامینێت، بانکی ناوەندی کۆتا ڕێگای پشتیوانی ماددی لە تیرۆریزمە.

ئەم گەمارۆ نوێیانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گەمارۆکانی پێشتر، گورزێکی گەورەی لە ئابوری ئێران وەشاندووە و ئابووری ئێرانی خستووەتە دۆخی ڕووخان، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کەشتیوانی جیهانی، فرۆشی نەوتی ئێران لە دوو ملیون و ٧٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پێش گەڕانەوەی گەمارۆکان، گەیشتووەتە کەمتر لە١٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو گەمارۆ نوێیانە، عەبدولناسر همەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاند: ئەم گەمارۆیانە لە هەر کاتێکی دیکە بێکاریگەرترن، ئێران گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە چیتر گەمارۆکان کاریگەریی لەسەر ناکات.

س.ح