ئەمساڵ عێراق ٣٩٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرێت

عێراق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر وەرگرتنی نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی ئەمساڵی هەرێم، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمیش پێشبینی دەکات ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنمیان هەبێت.


مەهدی ڕەشید، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە وەکالەت، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر وەرگرتنی بڕی ٣٩٠ هەزار تۆن لە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و واژۆی لەسەر بڕیارەکەکرد.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەو بڕە گەنمە لەگەڵ شاندەکەی حکومەتی هەرێم کە بەم دواییانە سەردانی بەغدای کردووە، جێگیر کراوە، لە کاتێکدا شاندەکە پێشنیازیان کردووە بەغدا دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم لە هەرێم وەربگرێت، لەبەرامبەردا بەغدا بەو پێشنیازە ڕازی نەبووە و پێیوابووە کە ئەو ژمارەیە ناڕاستە، بەڵام بڕیاریداوە بڕێکی زیاتر لە ساڵی ڕابردوو گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگرێت.

ساڵی ڕابردوو ٣٥٥ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەرگیراوە، لە کاتێکدا هەرێم ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو ملیۆن و ١٠٠ هەزار تۆن بەرهەمی هەبووە، بەوتەی حسێن حەمە کەریم، وتەبژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، پێشبینی دەکەن ئەمساڵ جوتیارانی هەرێم نزیکەی دوو ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنمیان هەبێت.

ئەو وتەبێژەی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئەو بڕە زیادەی کە دەمێنێتەوە، لە ناوخۆی هەرێم ساغی دەکەنەوە.

بەغدا تا ئێستا پارەی گەنمی ساڵەکانی ٢٠١٤-٢٠١٥-٢٠١٦ی جوتیارانی هەرێم قەرزارە کە بڕەکەی ٥٥٥ ملیار دینارە.

ک.س