ئەمڕۆش کرێکاران لەسەر شەقامەکانی تاران ناڕەزاییان دەربڕی

کرێکارانی "کارگەی شیری پگاهـ" لەسەر داگیرکاریی سوپای پاسداران و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.


دوای خۆپیشاندانەکانی دوێنێ کرێکارانی پۆڵای ئەهواز و مانگرتنی ئەمڕۆی خوێندکارانی زانکۆی تاران لەبەردەم زانکۆکە بە پشتیوانی لە کرێکاران، ئەمڕۆ کرێکارانی "کارگەی شیری پگاهـ"ی تاران لەسەر دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان لەلایەن سوپای پاسداران-ەوە بۆ دووەمین ڕۆژ ناڕەزایەتیان دەربڕی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ئەو کرێکارانەکە ژمارەیان ٧٠٠ کەسە، بە خواستی سەندنەوەی زەوییەکانیان، کە چەندین ساڵە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەرا گیراوە ئەو خۆپیشاندانە بەڕێوە دەبەن و ئاماژە بەوە دەکەن، کە ماوەیەکە فەرمانی دادگایان بە دەستەوەیە بۆ سەندنەوەی زەوییەکانیان، بەڵام تا ئێستا هیچ دامەزراوەیکی دەوڵەتی ناوێرێت یارمەتیمان بدات بۆ ئەو کارە.

هەر ئەمڕۆ کۆنفدراسیونی نێونەتەوەیی یەکێتی کرێکاران کە نوێنەرایەتى ٢٠٧ ملیۆن کرێکار لە ١٦٣ وڵاتی جیهان دەکات، بە بڕیارنامەیەک پشتیوانی بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى کرێکارانی ئێران دەربڕى و داوایکرد، هەرچى زووە کرێکارە دەستگیرکراوەکان ئازادبکرێن و سەندیکا کرێکارییە سەربەخۆکان وەک نوێنەرى ڕاستەقینەى کرێکاران سەیربکرێن و بۆ چارسەری کێشەکان پەیمانێکی نوێ کۆمەڵایەتی دابرێژڕیت.

خۆپیشاندانەکان لە ئێران ڕۆژبەڕۆژ بەرفراوانتر دەبێت و هەر ڕۆژ و لە شوێنێک کرێکاران دژی دەوڵەتی ئێران و سیاسەتی برسی هێشتنەوەی خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

لە ساڵانی ڕابردوو و بە سەدان جار خۆپیشاندان ڕوویداوە و ناوبەناو بەردەوام بووە،  بەڵام ئەم جارەو ماوەی ساڵێکە بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار، سەپاندنی دوو خولی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و هەڵاوسان و گرانی کاڵاکان و دابەزینی توانای ئابووریی خەڵک، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریی و بێکاریی و مایەپووچبوونی کۆمپانیا و کارگەکان، ڕاگرتنی کارەکانیان و داخرانی هەندێک لێیان، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەچاو ساڵی ڕابردوو.

ئەو خۆپیشاندانانەی لە ماوەی ساڵێ ڕابردوو کراوە:

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکارانی نەیشەکری هەفت تەپە، کرێکارانی پۆڵای ئەهواز، کرێکاران شارەوانی مەریوان، کریکارانی شارەوانی کرماشان، کرێکارانی کارگەکانی شارۆچکەی پیشەسازی فەرامان لە کرماشان، کریکارانی شارەوانی کەوار لە پارێزگای فارس، کرێکارانی شارەوانی ماهشەهر، خانەنشینانی پۆڵای ئیسفەهان، کرێکارانی ئاسنی ئیسفەهان، کرێکارانی تەگرەی کیان، شۆفڕانی پاسی ئیسفەهان، کرێکارانی بەنداوی گوڵوردی باکوری ئێران، کرێکارانی هپکۆی ئەراک، کرێکارانی کیان کوردی هەمەدان، کرێکارانی تراکتورسازی تەورێز، کرێکارانی ئاران سیج-ی تاران، کرێکارانی شارەوانی برۆگرد، کرێکارانی پرلیت-ی تاران، کرێکارانی پەترۆکیمیاوی ماهشەهر، کرێکارانی دارستانەکانی چالووس، کرێکارانی هێڵی ئاسنی زەنجان، کرێکارانی شارەوانی شووشتەر، شۆفیرانی پاسی تاران، کرێکارانی نەوت و گازی بووشەهر، کرێکارانی کیسونی باشووری ئێران، کرێکارانی کۆمپانیای ئاو و ئاوەڕووی تاران، کرێکارانی کۆمپانیای ئازمون ئاسنی باشوری ئێران، کرێکارانی ئاو و ئاوەڕوی ئەردەبێڵ، کرێکارانی کۆنتورسازی قەزوین، کرێکارانی کۆمپانیای خۆراکی ئاژەڵ لە شووشتەر، کرێکارانی کانی بەردە خەڵۆزی ئەلبۆرز لە گیلان، کرێکارانی پۆڵای قەزوین، کرێکارانی پەترۆکیمیاوی ئیلام،  کرێکارانی بەلەمی خاوێنکردنەوەی بەندەری خۆمەینی لە باشوری ئێران، کرێکارانی شارەوانی ئەهواز، کرێکارانی شارەوانی دامغان، کرێکارانی کۆمپانیای پەیوەندیەکانی لۆڕستان، کرێکارانی تاواندنەوەی ئاسنی ئەردەبێڵ، کرێکارانی مەدانی نەوتی ئازەر لە ئیلام، کرێکارانی کۆمپانیای ڕێگاوبانی ئیسفەهان، کریکارانی کۆپمانیای پەیوەندییەکانی خوراسان، کرێکارانی چێوی ئەردەکان، کرێکارانی بۆلبۆرینگی تەورێز، کرێکارانی شارەوانی کەهنوجی کرمان، کرێکارانی ئاو و ئاوەڕوی ئابادان، کرێکارانی کانی بەردی خەڵۆزی زەرەند، کرێکارانی شارەوانی یاسووج، کرێکارانی هێڵی ئاسنی ئەندیمشک، کرێکارانی مسی کرمان، کرێکارانی وەزارەت کارەبا، کرێکارانی کەشتی سازی بەندەر عەباس، کرێکارانی گواستنەوەی کەنداوی فارس، خانەنشینانی پێشەسازی پۆڵا، کرێکارانی پۆڵای ئورمیە، کرێکارانی کۆمباین سازی تەورێز، کەرێکارانی ڕۆنی شیراز و ...

ساڵێک ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندانی کرێکاران و خوێندکاران لە ئێران و سەرەڕای ئەوە ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی زستانی پار و هاوینی ئەمساڵ هێشتا دەسەڵاتدارانی لە خەو ڕانەچەڵەکاندووە، کە بەدەم خواستەکانی کرێکاران و ناڕازییانەوە بێن کە "خەمی نان"یان هەیە.

خواستە دەستپێکەکانی کرێکاران جێبەجێ کردنیان زۆر قورس نەبوو، لەوانە: پێدانی مووچەکانیان، سەندنەوەی خاوەنێتی کارگە و کۆمپانیاکان لەدەستی کەرتی تایبەت و گەڕاندنەوەی بۆ کەرتی حکومی یان پێدانی بەرپرسیارێتییەکەی بە شورای کرێکاریی، ئاسایشی کار و دامەزراندن، زیادکردنی حەقدەستەکان بەپێ هەڵئاوسان، پەسەندی پەیڕەوێک بۆ بە یاسایی کردنی ناڕەزایەتی دەربڕێنەکانی کرێکاران، بەڵام ئێستا کرێکاران ڕۆژبەڕۆژ خواستەکانیان دەگوڕێت بە خواستی سیاسیی و لەگەڵ چین و توێژەکانی دیکە وەک ژنان و خوێندکاران و هەژاران دەنگیان دەکەنە یەک و بە دروشمی ڕادیکاڵ بەردەوامن لە خۆپێشاندانەکانیان.

ش.ف