ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی جەختدەکەنەوە بەغدا مووچە نابڕێت

ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختدەکەنەوە، کە هەڵوەشاندنەوەی یاسای بودجە لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراق-دا نییە و مووچە گەرەنتیی کراوە.


کەمێک پێش ئێستا هەریەکە لە هۆشیار عەبدوڵا، د جەمال کۆچەر، شیروان میرزا و ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: دوای هەوڵ و ماندوبوونی بێوچانی ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پشکی هەرێمی کوردستان چەسپێنراوە لە یاسای بودجەی ساڵی ۲٠۱۹دا، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە مووچەی فەرمانبەران جیاکرایەوە لە پابەندبوونی هەرێم بە رادەستکردنی نەوتەوە بەکۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەش ئەوەی زامن کردووە، کە هیچ کەسێک نەتوانێت ئەویاسایەی کە پشکی هەرێمی کوردستانی تیدا جێگیر کراوە و مووچەی فەرمانبەرانی تیدا چەسپاوە هەڵوەشێنێتەوە .

ئەوەش هاتووە: هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیا دەکەینەوە بەوەی هەڵوەشاندنەوەی یاسای بوجە لەدەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی عێراقدا نییە بە وەزیری نەوتیشەوە.

هەروەها، ئاماژە بە لێدوانێکی وەزیری نەوتی عێراق کراوە و هاتووە: وەزیری نەوت لەم ڕۆژانەدا لێداوانی داوە و ئەوەی لێخوێنراوەتەوە کە ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت ئەوا بەغداش پابەند نابیت بە ناردنی پشکی هەرێمەوە، ئەگەر ئەم لێدوانەی وەزیری نەوت راست بێت بۆ پشکی هەرێم یا بۆ ئەو رێژەی زیانەی بەرامبەر ۲٥٠ هەزار بەرمیلەکە دەبڕدرێت ئەوا بەهیچ شیوەیەک ڕاست نییە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، بەهەموان ڕادەگەیەنین دڵنیاتان دەکەینەوەکە نوێنەرەکاتان لەلێژنەی دارایی مکوڕن لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم .

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەش-دا هاتووە:"ئێمە کە داکۆکیکاری مووچەی فەرمانبەرانین بەهیچ جۆرێک داکۆکی لە ناشەفافیەتی مەلەفی نەوتی هەرێم ناکەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو مەلەفە بە یەکجاری چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و چیتر نەبێتە مایەی کێشە و گرفت بۆ هاونیشتیمانیانی هەرێم".

ش.ف