ئەو باجەی خراوەتەسەر کارتی مۆبایل، ئینتەرنێت و بلیتی فڕۆکە نایاساییە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، ئەو باجەی کە ئێستا خراوەتەسەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و بلیتی فڕۆکە نایاساییە و لە چوارچێوەی یاسای بوجەی گشتیی ساڵانی ڕابردوو دانراوە.


ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو باجەی کە ئێستا خراوەتەسەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و بلیتی فڕۆکە نایاساییە و لە چوارچێوەی یاسای بوجەی گشتیی ساڵانی ڕابردوو دانراوە، لە ئێستادا یاسای بودجە هەموارنەکراوە و یاسای ساڵی ۲٠۱۹ش کۆتاییهاتووە، بۆیە دەبێت حکومەت ئەو زیادەیە وەرنەگرێت و کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار ئەو زیادەیە وەرنەگرن.

له‌ ‌یاسای بودجه‌ی ٢٠١٥ی ئه‌نجومەنی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاردرا‌ به‌ ڕێژه‌ی ٢٠٪ باج بخرێته‌ سه‌ر كۆمپانیاكانی بواری په‌یوه‌ندیكردن، ئه‌مه‌ش وایكرد نرخی كارتی پڕكردنه‌وه‌ی باڵانس گران ببێت، كارتی پێنج هه‌زار دیناریی بکرێته‌ شەش هه‌زار دینار و كارتی ١٠ هه‌زار دیناری بەرزبیتەوە بۆ ١٢ هه‌زار دینار.

هەرئەوکاتە یاساکە هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە، بەوپێیەی کۆمپانیاکانی بواری پەیوەندی پێشتر لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عیراقی مۆڵەتی كاركردنیان وەرگرتووە.

هەرچەندە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری گواستنەوەی هەرێم ڕایگەیاند، لەڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایل دەدەن، بەڵام لەلایەن وتەبێژی وەزارەتەکەوە ڕاگەیەنرا، کە كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی كارتی مۆبایل له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئەواندا نییه‌.

ش.ف