ئەو پارەیەی لە خوێندنگا ئەهلییەکان وەردەگیرێت ناچێتە وەزارەتی پەروەردە

لەڕێگای کۆنفرانسێکەوە کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تیشک دەخرێتە سەر گرفتەکانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و مامۆستایەکیش ئاشکرای دەکات، کە بۆ پێدانی مۆڵەت بە خوێندنگا ئەهلییەکان، حکومەت بڕێکی زۆر پارە وەردەگرێت، بەڵام ئەو پارەیە ناچێتە وەزارەتی پەروەردە.


ئەمڕۆ لە هۆڵی هوتێل های کریست لە شاری سلێمانی لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە، کۆنفرانسێکی پەروەردەیی بە ناونیشانی "با پەروەردە خەمی هەمووان بێت" ڕێکخرا.

لە کۆنفرانسەکەدا بە بەشداریی ژمارەیەک لە مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، چەندین وتار و گفتوگۆی کراوە بەڕێوەچوون.

کاوە عومەر، بەڕێوبەری گشتی پرۆگرامەکان لە وەزارەتی  پەروەردە، لە یەکێک لە گفتوگۆکاندا باسی لە پرۆگرامەکانی خوێندن کرد کە تا ئێستا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە و وتی: دەبێت سەرەتا وەزارەتی پەروەردە فەلسەفەی پەروەردەکان ڕوون بکاتەوە، ئەو چوارچێوە گشتییە پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە.

کاوە عومەر، باسی لەوە کرد کە لە هەندێک کتێبی سەرەتاییدا نووسین و وێنەکان یەکناگرنەوە، ئەمەشی وەک کێشەیەک ناوبرد، کە وەزارەتی پەروەردە دروستیکردووە.

هەر لەو گفتوگۆیەدا، عومەر محمەدئەمین، یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی  دەربارەی ژێرخانی پەروەردە قسەی کرد  و وتی: نزیکەی  ۲۹ساڵە باس لە گرفتەکانی پەروەردە دەکەین، لە ڕابردوودا ۱۰۱کێشەی پەروەردەییمان لە دانیشتنێکدا دا بە وەزیری پەروەردە، بەڵام نەک چارەسەر نەکرا، بەڵکو کێشەکان زیاتر بووە، بەڵام دیسان کات هەیە بۆ چارەسەریی ئەگەر هەنگاوی جدیی بنرێت.

عومەر محەمەدئەمین، لە بەردەوامیی قسەکانیدا باسی لە داهاتی پەروەردە کرد و وتی: لە پارێزگای سلێمانی ۹۲ خوێندنگای ناحکومیی هەیە،  کە تەنها بۆ مۆڵەتی یەک خوێندنگا ۲۰۰ ملیۆن دینار وەردەگیرێت، جگە لە تازە کردنەوە، بەڵام هیچ یەک لەو پارانە ناگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە.

هەروەها، وتی: لە پارێزگای سلێمانی ۱۰۹پەیمانگای پیشەیی هەیە، کە بۆ مۆڵەتی هەریەکەیان ١٣٠ ملیۆن دینار وەردەگیرێت، هەموو ئەمانە داهاتێکی زۆرن و دەتوانرێت زۆر کێشەی پەروەرەیی پێ چارەسەر بکرێت، بەڵام هەمووی دەچێتەوە گیرفانی حکومەت و خزمەتێکی ئەوتۆی پێناکرێت، ئەمە بە جیاواز لە خولی هاوینە و زستانە، کە داهاتی خۆی هەیە.

یەکێکی دیکە لە بەشداربووانی گفتوگۆکە بەکر محمەد، بەڕێوبەری پەروەردەی ڕۆژئاوا بوو کە باسی لە ڕۆڵی مامۆستا کرد و وتی: قەیران کاریگەریی زۆر خراپی هەبووە لە سەر ژیانمان و تا ئێستاش بەردەوامە، کاریگەریی کردووەتە سەر ئاستی پەروەردەییمان،  بەداخەوە مامۆستایانی نەیانتوانیوە ئامانجە سەرەکییەکان بپێکن.

وتیشی: باخچەی منداڵان، قۆناغێکی هەستیارە کە لە ۲٪ی مامۆستایان ئامادە کراون بۆ ئەو قۆناغە، ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە، بۆیە پێویستە لە پیناو پەروەردەیەکی تەندروست ئەم مامۆستایانە بخرێنە ژێر کارگەریی خولە پەروەردە.

ئەو بەڕێوبەرە باسی لە زۆریی ژمارەی مامۆستایان کرد و وتی: لە هەرێمی کوردستان ۱٤۰هەزار مامۆستا هەیە، کە ئەمە لەشکرێکە، بەڵام باس لە سەر ئەوەیە کە ئاخۆ ئەمانە تا چەند دەتوانن منداڵ فێرکەن؟، دەتوانین بڵێین لە قۆناغی بنەڕەتی لە ڕووی پەروەردەییەوە ئامانج نەپێکراوە.

کۆنفڕانسەکە تا ئێوارە و بە ئەنجامدانی چەند پانێڵیکی دیکە بەردەوام دەبێت.

ش.ف