بازاڕی فرۆشتنی گژوگیا بەهارییەکان وەک ساڵانی ڕابردوو گەرم نییە

بە ئەندازەی سەختی کۆکردنەوەی، بەهۆی بوونی پاشماوە و تەقەمەنی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، بەڵام بۆ چنگ کەوتنی پاروەنانی ڕۆژانەیان لە کارەکەیان ڕازین و ساڵانە لەگەڵ پێگەیشتنی گژوگیا بەهارییەکان ڕوو لە کوێستانەکان دەکەن، دوای کۆکردنەوەی ئەو گژوگیایەی کۆیان کردوەتەوە، دەیبەنە بازاڕەکان بۆ ساغکردنەوەی، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆوە بازاڕیان وەک ساڵانی ڕابردوو گەرم نییە.


لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و پێگەیشتنی گژوگیا بەهارییەکانی وەک ڕێواس، دۆرە، کنگر، مەندۆک و لوشە و گژوگیا بەهارییەکانی دیکە، زۆربەی هاوڵاتیانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە چیا و کوێستانە سەختەکان دەکەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو گژوگیایانە و دواتر فرۆشتنیان لە بازاڕ تاوەکو بژێووی خۆیان و خێزانیانی پێدابین بکەن، بەشێک لە هاوڵاتیانی سنوری شارۆچکەی پشدەر لە پارێزگای سلێمانی، هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیا ڕوو دەکەنە سنورە دەستکردەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام وەک باسی دەکەن ئەمساڵ بەهۆی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ و بێکاری خەڵک بازاڕیان وەک ساڵانی ڕابردوو باش نییە.

ئیبراهیم مینە، یەکێک لەو کەسانەیە کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ناو بازاڕی قەڵادزێ کاری فرۆشتنی گژوگیا بەهارییەکان دەکات، سەبارەت بە بازاڕی کارەکەی وتی: لە ڕاستیدا ئەم ساڵ بە هۆی قەیرانی دارایی و دابەشنەکردنی موچە فرۆشتنی گیا بەهارییەکان وەک پێویست نییە، گژوگیایەکی زۆرم کڕیوە و بۆم ساغ نابێتەوە، نزیک بە ۱۲۰ هەزار دینارم زەرەر کردووە، من زیاتر ڕێواس، مەندۆک و لوشە دەفرۆشم، زۆری و زەحمەتیی بۆ ئێمە زۆر نییە، زەحمەتی زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە دەچنە چیاکان بۆ کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان.

محەمەد ئیبراهیم، کە گەنجێکی دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێیە و ڕۆژانە بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان دەچێتە چیاکانی دەورووبەری قەڵادزێ و ناوچە سنورییەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربارەی کۆکردنەوەی گیا بەهارییەکان، وتی: ئێمە بەیانی کاتژمێر ٥ بەڕێ دەکەوین، زیاتر ڕێواس، کورادە و لووشە دێنین و دەیفرۆشین، ئەو گژوگیانە زیاتر لە بازاڕی قەڵادزێ دەفرۆشرێن، هەندێک کڕیاری تایبەت هەیە گژوگیا بەهارییەکان بۆ هەولێر و سلێمانی دەبات و لەو شوێنانە ساخیان دەکاتەوە، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی وەک پێویست بازاڕی گیا بەهارییەکان خۆش نییە و هەندێک کات گژوگیاکان دەمیننەوە و نافرۆشرێن.

محەمەد، لە بارەی ئەو مەترسییانەش کە لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان دێتە ڕێیان وتی: ئێمە دەچینە نێوان سنوری باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو ناوچانەش لە کاتی شەڕی عێراق و ئێران مین ڕێژکراون و مەترسی زۆری هەیە بۆ سەر هاوڵاتیانی ناوچەکە و بە تایبەت ئەو کەسانەی بە مەبەستی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لەو شوێنانە دەکەن کە گژوگیا بەهارییەکانی لێیە، هەر بۆیە کارەکەمان زەحمەت و مەترسیدارە.

ک.س