باشماخ، هاتووچۆی گەشتیار زیاد و بازرگانیی کەمیکردووە

بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، هاتووچۆی گەشتیار لە مەرزی باشماخەوە زیادیکردووە، بەڕێوبەری مەرزەکەش هۆکارەکەی بۆ هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان عێراق و ئێران دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت: هاوکات هاتووچۆی بازرگانیی کەمیکردووە.


بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز مەریوان كەریم، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمەڵگەی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ وەریگرتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ-دا لەو مەرزەوە ٢٢٣ هەزار و ٢٤٠ کەس لە وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ٢٢١ هەزار ٢١٥ کەسیش لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتیان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران کردووە.

هەروەها، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، ١٤٩ هەزار و ٦٤٠ گەشتیار لە باشماخەوە خۆیان گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان و ١٧٨ هەزار و ٨١٥ گەشتیاری پێچەوانەش هەبووە.

ئەگەر بەراوردی ئەم دوو ئامارە بکەین دەردەکەوێت، کە هاتووچۆی گەشتیار لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١١٦ هەزار کەس زیادیکردووە، لەو ژمارەیەش ٧٣ هەزار و ٦٠٠ گەشتیاری هاتوو بوون و ٤٢ هەزار و ٤٠٠ کەس-یش لە باشوری کوردستانەوە بۆ ڕۆژهەڵات و ئێران چوون.

مەریوان كەریم، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمەڵگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، هۆکاری زیادبوونی ئاماری هاتووچۆی گەشتیار دەگەڕێنێتەوە بۆ بڕیاری نەمانی پارەی ڤیزا بە بڕیاری هەردوو حکومەتی عێراق و ئێران لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، لە کاتێکدا پێشتر بڕی ٢٥ هەزار بۆ ٦٠ هەزار دینار لە هەر گەشتیارێک وەردەگیرا.

مەرزی نێوەدەوڵەتیی باشماخ، کە دەكەوێتە سنووری شارۆچكەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانی مەرزێكی فەرمییە لەنێوان ئێران و باشوری كوردستان، ڕۆژانە سەدان ئۆتۆمێلی بارهەڵگر پێیدا هاتووچۆدەكەن و شمەک ئاڵوگۆڕ دەکەن، بەڵام وەک شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ باسی دەکات، ئەمساڵ جموجوڵی بازرگانیی لە مەرزکەوە کەمبووەتەوە.

شاخەوان بەکر، بە چەند خاڵێک هۆکاری کەمبوونەوەی جموجوڵی بازرگانیی لەنێوان هەردوولادا ڕوون کردەوە و وتی: سەرەتای مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێم هاتنی ئۆتۆمبێلی چاککراو و لێدراوی بۆ ناو هەرێم قەدەغەكرد، هەروەها یەکخستنی پێناسی گومرگی لە هەموو مەرزەکان بە بڕیاری عێراق، کە بووە هۆی زیادکردنی باج لەسەر کەلوپەلی هاوردە، هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی بازرگانیی لە سنوورەکە.

بەڕێوبەری گومرگی مەرزی باشماخ نمونەی سەبارەت بە زیادکردنی باج هێنایەوە و ڕوونیکردەوە، ئۆتۆمبێلی جۆری توێتا لاندگرۆز كە خواستێكی زۆر لەسەرە لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا، پێشتر نزیكەی  2 هەزار و 700 دۆلار گومرگی هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی یەكخستی پێناسی گومرگییەوە نزیكەی 10 هەزار دۆلار گومرگ دەکرێت.

 ئەگەرچی ئەمریکا عێراق-ی بەدەرکردووە لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران و ڕێگایداوە عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران بکات، بەڵام ئەو سزایانە کاریگەریی لەسەر عێراق و باشوری کوردستان کردووە، بەوپێیەی هەندێک کەلوپەل لە وڵاتانی ترەوە بەڕێگای کەشتیی دەچووە بەندەر عەباس و لەوێوە هاوردە دەکرا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا ئەو کەلوپەلانە ناگەنە بەندەر عەباس.

بەهۆی گرنگییدانەدا بە ئابووریی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان زۆرترین کەلوپەل هاوردە و کەمترین هەناردەی دەرەوە دەکات، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەشی، کە ئێستا لە ئێرانەوە هاوردەی دەکات سوتەمەنیی و خۆراکە.

جەلیل تۆفیق، شۆفێرێكی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە و خەڵكی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، ماوەی حەوت ساڵە لەو مەرزەوە هاتووچۆ دەکات و کەلوپەل دەگوازێتەوە، ئێستا زیاتر برنج و ڕۆن بۆ هەرێمی کوردستان دێنێت و باسی لەوە کرد، کە بە بەراورد بە ڕابردوو باری کەمتر بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن.

یەکخستنی پێناسی گومرگی لە مەرزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بە پێشنیاری بەغدا لە ٢٩/٤/٢٠١٩ هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەری ڕێککەوتن، بە سودی وەبەرهێنانی ناوخۆ دەشکێتەوە، بەو پێیەی هاوردەکردن کەم دەبێتەوە و دەرگا بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ دەکاتەوە.

 

ش.ف