بانکی ناوەندیی ئێران لەبارەی نرخی تمەنەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

بانکی ناوەندیی ئێران لەبارەی داکشانی مێژوویی نرخی تمەنەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، هاوکات بەرپرسێکی دەزگای قەزاییش دەڵێت، کە دەیان کەسیان لەو بارەیەوە دەستگیرکردووە.


دوێنێ دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران سنوورەکانی ١١ هەزار تمەنی بەزاند، ئەوە لە کاتێکدایە، کە تەنیا چوار مانگ پێش ئێستا نرخی دۆلار ٤٢٠٠ تمەن بوو.

بانکی ناوەندی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە لە کەناڵی خەبەری ئێرانییەوە بڵاوی کردەوە ڕایگەیاند: گۆڕانکارییە نائاساییەکان لە بازاڕی ئاڵتون و دراودا، هیچ جۆرە هاوسەنگییەکی لەگەڵ دۆخی ئابوری وڵات نییە، ئەو بەرزی و نزمییانە بەهۆی پیلانگێڕیی دوژمن بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ئابوری و لەناوبردنی ئاسایشی خەڵک ڕوودەدەن، ئێمە دۆخەکەمان خستووەتە ژێر چاودێڕییەوە.

هەروەها ڕاگەیەندراوە، بانکی ناوەندی بەرنامەیەکەی هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە ڕایگشتیی ڕادەگەیەنێت.

لەلایەکی دیکەوە، غوڵامحسێن موحسنی ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای دادی ئێران ڕایگەیاند، کە ٢٩ کەس بەهۆی ئاڵۆزکردنی دۆخی ئابوری وڵات دەستگیرکراون، کە دادگا تۆمەتی فساد فی الارچ، "گەندەڵی سەر زەوی"ی خستووەتە پاڵیان، تۆمەتێک کە سزاکەی سێدارە، یاخود بڕینی دەست و قاچە.

س.ح