"بایكۆتی كاڵای تورکی پێش ئەوەی هەڵوێستێكی سیاسی بێت پرسێكی نیشتیمانیە"

توێژەجیاکانی شارۆچكەی سۆران، جەختدەکەنەوە، بایكۆتی كاڵای توركی ئەركێكی نەتەوەییە دژ بە داگیركاریی و بەرەنگاربوونەوەی فراوانخوزایی دەسەڵاتی فاشیستی ئەردۆغان، هاوکات بە دەرفەتێكی باشی دەزانن بۆ زیادکردنی پیشەسازیی ناوخۆیی و هەلی كار و پاراستنی سەرمایەی ناوخۆ، دەشڵێن: پێویستە حكومەتی هەرێم و بازرگانان بایەخ بە بەرهەمی ناوخۆیی بدەن.


بایكۆتی كاڵای توركی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و تادێت خواست لەسەر بەرهەمی  توركی كەمتر دەبێت، هاووڵاتیان و توێژەكانی شارۆچكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز، دەدوێن.

شوان سەید عەلی ڕەواندوزی، پارێزەر، بۆچوونی وایە هەڵمەتی بایكۆتكردنی كاڵای توركی پێش ئەوەی هەڵوێستێكی سیاسی بێت پرسێكی نیشتیمانیە، لەو ڕووەوە دەڵێت: "بایكۆت لە چەند ڕوویەكەوە سودی دەبێت لەوانە نەچوونە دەرەوەی داهات و پارەی هاونشتیمانیان بۆدەرەوە جگە لەوەش بەهۆی بایكۆتەوە زیان بە داهاتی توركیا دەگات، زیانی زۆری ئەوجەنگە ئابووریەش بۆ توركیا هیچی كەمتر نابێت لە زیانی جەنگی سەربازیی".

دەشڵێت: "بایكۆت لە هەمانكاتدا فاكتەرێكی گرنگە بۆ بەكارهێنانی بەرهەمی خۆماڵی دەرئەنجامی ئەوەش سێكتەرە جیاوازەكانی بەرهەمهێنان لە كوردستان وەكو كشتوكاڵ، پیشەسازی، وەبەرهێنان و دەستی كار زیاتر پێش دەكەوێت و دەرفەتی كار زیاتر دەبێت ئەم هۆكارانەش وا دەكەن كورستان پایەكانی ئابووریی سەربەخۆ بنیات بنێت و بەهۆی ئەوەشەوە ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕووی خۆراك و بەرهەمهێنان پشت بەستن بە توانا و بەرهەمی ناوخۆ زامن بكات".

ئەو پارێزەرە ئەوەشیخستەڕوو کە "ئەگەر بە تێڕوانینێکی ڕوون، دوورمەودا، نەتەوەیی و ستراتیژانە لەو کارە بڕوانین دەردەكەوێت ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ دەكەوێتە خزمەتی ئامانجی بنیاتنانی دەوڵەت و پایەی بەهێز بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بۆیە پێویستە بەردەوامی بە بایكۆت بدرێت".

خانم عەلی، ژنێكی دانیشتووی سۆرانە، پێیوایە نابێت لەوە زیاتر كوردان گیرفان و داهاتیان بكەوێتە خزمەت ئابووریی وڵاتێك كە هەمیشە دەیەوێت داگیرمان بكات و لە هەر شوێنێك  كورد هەبێت دژی دەوەستێتەوە، لەو بارەیەوە دەڵێت: "لە دەستپێكی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان من بایكۆتی كاڵای توركیام كردووە چ  لە ڕووی خۆراك و چ لە ڕووی جلوبەرگ و پێداویستیەكانیان ئەم هەڵوێستەش لەدڵمەوەیە بۆ پشتیوانی لە خەباتی ژنان لە ڕۆژئاوای كوردستان".

وتیشی: "تەنانەت بایكۆتی دراما توركیەكانیشم كردووە و داوا لە هەموو كوردێكیش دەكەم  فشار بخەنەسەر حكومەت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی بكاتە جێگرەوەی ئەو هەموو كاڵایەی لە توركیاوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، وە پشتگیریی لە هەر پڕۆژەیەكی ناوخۆیی بكرێت بۆ ئەوەی ئێمەش ببینە خاوەن پێداویستی و كاڵای ناوخۆیی و چیتر سەروەت و داهاتمان نەبێتە خۆراكی داگیركەرانی كورد".

هەروەها هەرێم محەمەد، جنێراوەیی خاوەن ماركێت دەڵێت: "دوای دەستپێکردنی بایكۆتی كاڵای توركی خەڵكانێك بەجدی پرسیاری بەرهەمی شوێنەكانی تر دەكەن لەبەر ئەم بایكۆتە دووكاندارەكان هەوڵ دەدەن بەرهەمەكانی تریش بهێننە دووكانەكەیان".

ئەو فرۆشیارە دەشڵێت: "ڕەخنە و گلەیی ئێمە لەسەر بازرگانەكان ئەوەیە كە تەنیا پەنا بۆ كاڵای توركی دەبەن لە كاتێكدا خەڵكی زۆریش بایكۆتی دەكات و ئامادەنین ئەو كاڵایانە بكڕن كە دروستكراوی توركیان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لە مارکێتەکەیدا چەندین جۆری بەرهەمی ناوخۆیی وەك میوە وشككراوەكان و خۆرك و ڕۆن و چەند بەرهەمێكی دیکەی هەیە كە لە ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و دەڤەری سۆران دروست دەكرێن ئەگەر حكومەت یان بازرگانەكان گرنگی بەو شوێنانە بدەن كە كاڵای ناوخۆیی بەرهەم دینن، بڕوام وایە تا ڕادەیەكی زۆر بەدیلی زۆر جۆری كاڵا و خۆرك دەست دەكەوێت.

ک.س