بایكۆتی کاڵای تورکیی ١٢٠ كارگەی ناوخۆیی خستووەتەوە گەڕ

بایكۆتی كاڵا ‌و شمەكی توركی كەرتی پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بەرە و بوژانەوە دەبات ‌و لە ماوەی مانگ‌ و نیوی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٢٠ كارگەی ناوخۆیی كەوتونەتەوە كار.


سەرۆكی ڕێكخراوی كارگەكانی هەرێمی كوردستان ئاشکرایدەکات، لەدوای دەستپێکردنی بایکۆتی کاڵای تورکییەوە لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ١٢٠ كارگەی ناوخۆیی لە بوارە جیاجیاکاندا كەوتونەتەوە كار.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی زەمەن، کە لە دووا ژمارەی ڕۆژنامەکەدا بەپێی زانیاریی بەختیار ئەحمەد، سەرۆكی ڕێكخراوی كارگەكانی هەرێمی كوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەو ١٢٠ كارگەیە لە بواری خواردەمەنی‌ و زاهی و پاكکەرەوەکانن و ٣٥%یان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و ٣٠%یان لە پارێزگای هەولێر و ٢٥%یشیان دەکەونە پارێزگای دهۆکەوە.

لەدوای هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، هەڵمەتێكی بەرفراوانی بایکۆتکردنی كاڵا و شمەکی توركیی لە باشوری کوردستان دەستیپێکرد، ئەمەش بووە هەل بۆ خاوەن کارگە ناوخۆییەکان تا کارگەکانیان بەگەڕبخەنەوە و بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر بخەنە بازاڕەوە.

ک.س