بایکۆتی کاڵای تورکی بازاڕی ناوخۆی گەرم کردووە

هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بایکۆتیان ڕاگەیاندووە، ئەمەش وایکردووە، بازاڕی بەرهەمیی ناوخۆیی پەرەی زیاتر پێبدرێت و فرۆشیشیان زیاترببێت، لەوچوارچێوەیەدا کارگەیەکی دروستکردنی ڕۆن وەک خۆیان دەڵێن، فرۆشیان ٧٥٪ زیادیکردووە.


كارگەی ڕۆنی ڕاسان لە هەڵەبجە دەكەوێتە دەروازەی شارەوە، لە توانایدایە بەپێی خواستی بازاڕ ڕۆژانە سێ هەزار لیتر ڕۆنی زەیت بەرهەم بهێنێت، بەڕێوەبەرەکەشی دەڵێت، تەواویی بەرهەمەکەیان سروشتی و خۆماڵییە.

ئەو کارگەیە لە ٢٤ کاتژمێردا دەتوانێت ١٢٠ تۆن زەیتوون وەربگرێت و زەیتی لێ بەرهەم بهێنێت، وەک پەیام سەیوان بەڕێوەبەریی کارگەکەش دەڵێت:"ئەو زەیتونانەی وەریدەگرین بەرهەمی باخەکانی کوردستانن، ئێمە بە دوو جۆر لە جوتیارانی وەردەگرین، ئەویش بەپێی زەیتوونەکە، کیلۆی لە ٢٥٠ دینارەوە وەردەگرین تا ٦٥٠ دینار.

هەندێک لە خاوەن باخەکانی زەیتوون نایانەوێت زەیتوونەکانیان بفرۆشن بەکارگەکە، بەڵکو دەیانەوێت بیکەنە زەیت بۆ خۆیان بێت یان فرۆشتنەوە، بۆ ئەو کەسانە پەیام دەڵێت:"گرنگە نییە جوتیارانی سنوورەکە زەیتونەکان بفرۆشنەوە بە ئێمە، بەڵکو زۆرکات دەیهێنن و ئێمە لە کارگەکە بۆیان دەکەین بە زەیت، بۆ تۆنێک زەیتوون کە بیکەینە زەیت بۆیان ١٣٠ هەزار دینار وەردەگرین.

وەک بەڕێوەبەری کارگەکە ئاماژەی پێکرد، خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی زۆر زیاتر بووە، بەشێوەیەکە کە بەرهەمەکانی ئەوان بەراورد بە مانگێک پێشتر  فرۆشیان ٧٥٪ زیادیکردووە.

"جیاوازی زەیتوونی دەرەكی و ناوخۆیی ئەوەیە، زەیتوونی دەرەكی كە بۆمان دێت گوشراوی دووەمە، بەڵام ناوخۆییەكە گوشراویی یەكەمە ١٠٠٪ لێی دڵنیایت زەیتێكی خاڵسە، هیچ کەرەستەیەکی دیکەی تێدا نییە، وە هیچ مەوادێكی پارێز بەندی تێنەكراوە، ئەوەش وادەكات كەمێك لە ڕووی نرخەوە جیاوازییەكیان هەبێت"، ئەمە بە وتەی بەڕێوەبەری کارگەکە.

پەیام دەشڵێت:"لە كارگەكەماندا تەنكی و ئیستیل و خەزانمان هەیە، دەتوانین ٦٠ هەزار لیتر زەیت گل بدەینەوە، بە سیستمی نایترۆجین بەرگری لێ دەكەین، زەیتەكەی بۆ ماوەی سێ ساڵ بەهەمان كوالییەتی دەمێنێتەوە بەو جۆرە دەیخەینە بازاڕاوە".

نەژاد عەلی جوتیارێكی سنووری شارۆچكەی پیرەمەگروونە، زەیتوونی هێنابوو بۆ گارگەكەی هەڵەبجە، چونکە دەڵێت کارگە کارەکانی زۆرباشە، دەشڵێت: داواکارین حکومەت چەند کارگەیەکی هاوشێوە بکاتەوە و بۆ ئەوەی زەیتوونەکانمان بۆ بکاتە زەیت بێبەرامبەر، ئێمەش هەرزان بیخەینە بازاڕەوە، چونکە ئەو زەیتەی لە دەرەوە دێت کەس نازانێت لە چی و چۆن دروستکراوە.

س.ح