بایکۆت خواستی هێنانی کارگەی زیادکردووە و شارەوانیی هاوکارییان ناکات

هەرچەندە بەردەوام باس لە پێشخستنی بەرووبوومی خۆماڵیی دەکرێت و هاوڵاتیانیش بایکۆتی کاڵای تورکی'یان کردووە و داوای زیاترکردنی بەرهەمی ناوخۆیی دەکەن، بەڵام حکومەت بایەخی پێنەداوە، ئەوەتا لە شاری سلێمانی کە خاوەن ملیۆنان دۆنم زەوییە، زەوی نەماوە بۆ ئەوەی کارگەی نوێی لەسەر دابمەزرێت!.


بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتیی پیشەسازیی سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٩ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەی ٣٠ کارگە لە بوارە جیاجیاکاندا مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە، بەڵام دابیننەکردنی زەوی بۆیان، بووەتە هۆکاری سەرپێ نەکەوتنیان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکات، کە لە هەموو کەرتەکاندا هەوڵی پێشخستنی بەرهەمیی ناوخۆیی دەدەن، هەروەها بازرگانانیش دەیانەوێت کارگە لە ناوخۆدا دابمەزرێنن، ئەمانەش زیاتر دوای ئەو هەڵمەتە فراوانەی بایکۆتی شتومەکی تورکییە، کە هاوڵاتیان خواستی سەرەکیان بووە بە بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام بە کردار حکومەت و شارەوانییەکان هاوکاریی ئەو کەسانە ناکەن کە دەیانەوێت بەرهەمی ناوخۆیی بەرزبکەنەوە.

بەڕێوبەرایەتیی پیشەسازیی سلێمانی تەنها ٦٠٠ دۆنم زەوی لەبەردەستتدایە بۆ ئەوەی تەرخانی بکات بۆ دامەزراندنی کارگەی نوێ، کە دەکەوێتە سنووری شارەدێی عەربەت و نە نەخشەیان بۆ کێشراوە و نە خزمەتگوزارییان پێ گەیەندراوە، ئەوەش وایکردووە نەتواندرێت سوودی لێ وەربگرێت.

محەمەد جەبار، بەڕێوبەری پیشەسازیی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: چەندین جار داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە نەخشە بۆ ئەو زەوییانە بکرێت و خزمەتگوزارییان پێ بگەیەندرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی تەواوە نەتواندراوە نەخشەی بۆ بکرێت و پیشەسازیی تێدا بکرێت.

ئەو ٣٠ کارگەیەی بەهۆی تەرخاننەکردنی زەوییەوە کارەکردنیان ڕاگیراوە، لە بوارەکانی خۆراکیی، بیناسازیی، پترۆکیمیایی و بواری دیکەدان و بە کەوتنە سەرپێیان، دەتوانن ڕێژەی بەرهەمی خۆماڵیی پارێزگای سلێمانی بەرزبکەنەوە.

بەشێک لەو کەسانەی مۆڵەتی دامەزراندنی کارگەیان وەرگرتووە و زەوییان بۆ دابین نەکراوە، بەناچاریی یان کارگەیەکی دیکە دەکڕن و نوێی دەکەنەوە بەپێی جۆری بەرهەمەکەیان، یاخود زەوی بە نرخێکی گران دەکڕن، ئەمەش بەوتەی بەڕێوبەری پیشەسازیی سلێمانی، گرفتی سەرەکیی کەرتی پیشەسازیی پارێزگاکەیە.

محەمەد جەبار دەڵێت: ئەگەر زەوی دابینبکرێت و ئاسانکاریی بۆ خاوەن پرۆژەکان بکرێت، پێشبینی دەکەین ژمارەی دامەزراندنی کارگەکان دوو قاتی ئەو ژمارەیەی ئێستا ببێتەوە، ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی.

شاری سلێمانی خاوەن دوو ناوچەی پیشەسازییە، کە یەکێکیان دەکەوێتە ناوچەی ئاوبارە و ئەوەی دیکەش دەکەوێتە کۆمەڵگەی تانجەرۆ، ناوچەی پیشەسازیی یەک لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاپۆکراوە لەسەر دوکاندار و خاوەن کارگەکان و لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتیی پیشەسازییدا نەماوە.

هەرچی ناوچەی پیشەسازیی دووە کە دەکەوێتە تانجەرۆ، جێگای ١٨٠ کارگەی تێدا دەبێتەوە و لە ساڵی ٢٠١١ـەوە پڕبووە و دابەشکردنی زەوی تێیدا ڕاگیراوە.

س.ح