بایکۆت لە فراوانبووندایە و هاوڵاتیان بە باشترین چەکی دەزانن دژی تورکیا

تادێت بایکۆتکردنی کاڵا و شتومەکی تورکی لە كەركوك فروان دەبێت، هاوڵاتییان بە ئەركێكی نەتەوەیی، ئەخلاقیی، نیشتیمانیی دەزانن.


بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەرخاکی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەنجامدانی چەندین تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ، هەڵمەتێکی فراوانی بایکۆتکردنی کاڵا و شمەکی تورکی باشوری کوردستان دەستیپێکردووە و هاوڵاتییانی شاری کەرکوکیش لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

یوسف خەیات، یەکێک لەو هاوڵاتییانەیە و  بایكۆتكردنی كاڵای توركی بە ئەركی سەرشانی هەموو هاوڵاتییەكی ئەم نیشتیمانە دەزانێت و ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەئێستادا هاوڵاتییان لەکاتی بازارکردنیاندا لە مۆڵ و بازاڕەکانی دیکە، پرسیار دەربارەی وڵاتی بەرهەمهێنی کاڵاکان دەکەن و ئەگەر تورکی بێت نایکڕن.

ڕەوەز ئەنوەر، هاوڵاتیەكی بایکۆتکاری کاڵای تورکییە وتی:"من بایكۆتی شتومەكی توركی دەكەم، بۆ زیان گەیاندن بە ئابووریی توركیا و یارمەتیدانی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمەش باشترین چەكە دژی ئەو وڵاتە".

ڕەوەز وتیشی: لە ڕابردوودا تەنها سەیری مێژووی بەسەرچوونی کاڵاکەم دەکرد، بەڵام ئێستا سەیری سەرچاوەی کاڵاکەش دەکەم و ئەگەر تورکیی بێت نایکڕم.

بایکۆتەکە بە جۆرێک فراوانە، تەنها کڕیاری نەگرتووەتەوە، بەڵکو بەشێک لە خاوەن دووکان و مارکێت و هەرزان بازاڕەکانیش بایکۆتی کاڵا تورکییەکانیان کردووە، دوکاندارێک بەناوی محەمەد عەزیز ئەوەی خستەڕوو، کە بەگوێرەی پێویست و توانا هەوڵیداوە شتومەكی توركی لە دووکانەکەیدا نەفرۆشێت، وەک خۆی دەڵێت:"دەمەوێت بەشێک بم لە بایکۆت و بە سەنتێکێش بێت زیان لە کۆمپانیا تورکییەکان بدەم".

دەربارەی ئەوەی هەستی چۆنە کاتێک هاوڵاتیانیش پرسیاری ئەوەدەکەن ئایا کاڵاکانی دووکانەکەی تورکییە یان نا؟، ئەو دووكاندارە وتی:"ئاساییە، چونكە خۆم بڕیارمداوە كە ئیتر شتی توركی نەهێنم بەگوێرەی توانا، ئەگەر ماندووشبم، چونكە جاری واهەیە زیاتر دەگەڕێم تا شتێكی باشتر دەدۆزمەوە، بەڵام ئاساییە".

هەڵمەتی بایکۆتەکە، تەنها باشوری کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کوردانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە و پارچەکانی دیکەی کوردستانیشی گرتووەتەوە، چەندین هاوڵاتی بیانیش لە ناویاندا ئەرمەنییەکان پشتگیریی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ کورد و دژی دەولەتی تورک نیشانداوە، ئامانجی بایکۆتەکە هەڵوێستە دژی داگیرکەری تورک و زیان گەیاندنە بە ئابووریی تورکیا.

ش.ف