به‌ نوسراوی نهێنی داوای به‌رده‌وامیی خاڵه‌ گومرگییه‌کان کراوە

خاڵه‌ گومرگییه‌کان نێوان هه‌رێم و که‌رکوک به‌رده‌وامن له‌ کاره‌کانی خۆیان و ڕۆژانه‌ که‌لوپه‌ل و شتومه‌ک له‌ خاڵه‌ گومرگییه‌کان هاوشێوه‌ی ڕابردوو گومرگ ده‌کرێن.


به‌ بڕیارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بریاڕ درا به‌ هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگییه‌کانی نێوان هه‌رێم و موسڵ و که‌رکوک، به‌ڵام تا ئێستا بڕیاره‌که‌ نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، خاڵه‌ گومرگیه‌کان به‌ردەوامن له‌ گومرگی شتومه‌ک.

جه‌مال شکور، ئه‌ندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌ فراکسیۆنی یه‌کێتی، ده‌ڵێت: له‌ په‌رله‌مانی عێراق بڕیار دراوه‌ به‌لابردنی ئه‌و خاڵه‌ گومرگیانه‌، سه‌ره‌ڕ‌ای ئه‌و بڕیاره‌، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا کارکردنی خاڵه‌ گومرگیه‌کان ڕانه‌گیراوه‌، ته‌نانه‌ت زانیاریمان هه‌یه‌ که‌ عادل عەبدولمەهدی سه‌رۆک وه‌زیران به‌ بڕیارێکی نهێنی، که‌ بۆ پارێزگاری که‌رکوک ناردووه‌ و تێیدا داوای کردووه‌، کارکردن له‌ خاڵه‌ گومرگیه‌کان ڕامه‌گرن و به‌ردام بن له‌ گومرگکردن.

ڕوونیشکردووه‌: لانه‌بردنی خاڵه‌ گومرگییه‌کان په‌یوه‌ندی به‌ ڕێکنه‌وتنی حکومه‌تی هه‌رێم و عێراقەوە هەیە، حکومه‌تی عێراق ٢٦ خاڵی داوه‌ به‌ هه‌رێم تا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌بڕێت، ئه‌و کات خاڵه‌ گومرگیه‌کان هه‌ڵدگیرێت، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی ئه‌و خاڵانه‌ی نه‌داوته‌وه‌ که‌ وه‌ک داوکاری له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی کراوه‌.

ده‌شڵێت: له‌ ئه‌گه‌ری لانه‌بردنی خاڵه‌ گومرگیه‌کان، ئێمه‌ دووباره‌ ئه‌و پرسه‌ ده‌به‌ینه‌وه‌ ناو په‌رلەمان و له‌ هۆکاره‌کانی به‌رده‌وامی خاڵه‌ گومرگییه‌کان ده‌کۆڵینه‌وه‌.

هەروەها ئازاد جه‌باری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک له‌ لیستی برایه‌تی که‌رکوک، له‌ بەردەوامیی خاڵە گومرگییەکانەوە‌ ده‌ڵێت: سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌کانمان خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ لابردنی خاڵه‌ گورگییه‌کان و سه‌رجه‌م لایه‌ن په‌یوه‌نداره‌کانمان له‌و بابه‌ته‌ ئاگادار کردۆته‌وه‌، به‌ڵام حکومه‌تی عێراق تاوه‌کو ئێستا کار به‌و خاڵه‌ گومرگیانه‌ ده‌کات، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هاوڵاتیانی که‌رکوک دروست کردووه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، جه‌خت ده‌کاته‌وه‌:" کارکردن له‌ خاڵه‌ گومگییه‌کان ڕانه‌وه‌ستاوه‌ به‌ردوامن له‌ کاره‌کانیان، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش نوسراوێک له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ گه‌یشته‌وه‌ به‌ پارێزگا که‌رکوک و داویکردووه‌ خاڵه‌ گومرگیه‌گان هه‌ڵنه‌گیریت و به‌رده‌وام بن له‌ کارکردن".

 

ک.ک