بڕیارێکی حکومەت بۆ زیادکردنی باج ناڕەزایی لێ دەکەوێتەوە


ڕۆژنیوز - ڕۆزە محەمەد

گرووپی دەنگی شەقام لەسەر زیادکردنی باج داوا دەکەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبونەوەی بەپەلە بکات و ئەو بڕیارە ڕەتبکاتەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش داوا دەکات کە هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان پابەند نەبن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە.

لە ٢ی ئەم مانگەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا بە زیادکردنی باج لە سەر سەرجەم کەرەتە بازرگانییە بچوککەکان و مام ناوەندەکان، ئەمەش ناڕەزایی لێکەوتەوە، بەو هۆیەوە ئەمڕۆ گرووپی دەنگی شەقام لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەن و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەو لە بەیاننامەیەکدا چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد.

دوابەدوای کۆبوونەوەکە بێستوون ھەورامی، ئەندامی گرووپەکە، بەیاننامەی گروپەکەی خوێندەوە کە تێیدا ھاتبوو: زیادکردنی باج لە ئێستادا پێچەوانەی هەموو ئەو پێوەرانەیە کە بۆ باج دانراوە لە یاسا بەرکارەکانی هەرێم و عێراقدا هاتووە، هەربۆیە داوا دەکەین کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامبدرێت و تێیدا ئەو بڕیارە ڕەت بکرێتەوە و نوێنەرانی دەنگی شەقامیش ئامادەبن، ھەموو ئەو باج و گومرگانانەی کە بەناوی جیا جیا لە خەڵک وەردەگیرێن لاببرێن.

هەروەها ھاتووە: ئەو باج و ڕسوماتانەی لە خەڵک وەردەگیرێن بۆ مەبەستی گشتی بەکاربھێنرێت، نەک بۆ مەبەستی شەخسی، دوای باشبوونی گوزەرانی ھاوڵاتیان و تێپەڕینی ئەم بارودۆخە لیژنەیەکی زانستی و پسپۆڕ دابنرێت بۆ ھەڵسەنگاندن و دانانی باج بە بەشداری ئەو لایەنانەی کە بڕیارە باجەکەی بۆ دابنرێت.

هەر لەو کۆنگرەدا، ھاوسەر هۆشیار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان، وتی: داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی دەکەین کە کۆببنەوە و ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران ڕەتکەنەوە، کە بڕیارێکی نایاسایی و نائاساییە، داوا لە ھاوڵاتیان و خاوەن کۆمپانیاکان دەکەین کە بەھیچ جۆرێک پابەندنەبن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوەو ھاوڵاتیان دەتوانن بچن داوایان لەسەر تۆمار بکەن، ئەگەر گوێمان لێنەگیرا ئەوا دەچینە دادگای فیدڕاڵی.

ھاوسەر، وتیشی: ئەگەر ئەم بڕیارە قبوڵ بکەین حکومەتی ھەرێم بڕیاری دیکەی سەیر و سەمەرەمان بەسەردا دێنن.

س.ح