بڕیارێکی عێراق هەلی کار و بەرهەمی ناوخۆ زیاتر دەکات

حکومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی چیمەنتۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکردووە، باجیشی لەسەر ١٥٠ کاڵا زیادکردووە، جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بڕیارەکە بەرهەمی ناوخۆ و هەلی کار زیاتر دەکات.


لە ١ی ئایاری ٢٠١٩-ەوە، حکومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی چیمەنتۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و زیادکردنی باجی لەسەر ١٥٠ کاڵا دەرکردووە.

بەگوێرەی بڕیارەکە، هاوردەکردنی چیمەنتۆ لە وڵاتانی دەرەوەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواویی قەدەغەکراوە، ئەوەش لەپێناو ڕەخساندنی هەلی زیاتر بۆ ساغکردنەوەی چیمەنتۆی کارگە ناوخۆییەکان.

هاوکات عێراق گومرگی لەسەر ٧٩ ماددە زیادکردووە، کە دەکاتە ١٥٠ جۆر کاڵا، بەشێوەیەک کە هەندێک لە کاڵاکان گومرگەکانیان ١٠% تا ١٠٠% زیادکراوە.

بڕیارەکەش لەدوای زنجیرەیەک ناڕەزایەتیی خاوەن کارگەکان دراوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر زۆریی ڕێژەی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیی بۆ ناوخۆ، کە بووەتە بەربەست لە بەردەم ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.

شێخ عەتا محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ستایشی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق دەکات و ئاماژە بە کاریگەرییەکانی دەکات لەسەر ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و دەڵێت: ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی باشی دەبێت، بەتایبەت کە بەمدواییانە بەشێک لە کارگەکان بەشێک لە کارەکانیان ڕاگرتبوو بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، ئەم بڕیارە وادەکات کارگەکان زیاتر پەرە بە کارەکانیان بدەن، ئەمەش بەرهەم زیاتر دەکات و هەلی کاری زیاتریش دەڕەخسێنن.

پێشتریش ڕۆژنیوز لە دۆسیەیەکدا لەسەر بەرهەمە ناوخۆییەکان و گرفتە بنچیینەییەکانیان، ئەوەی خستبووەڕوو، کە لە هەرێمی کوردستان شەش کارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ هەن و ساڵانە ١٠ ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێننن، پێداویستی ساڵانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان-یش بە شەش ملیۆن تۆن چیمەنتۆیە، واتە جگە لە پڕکردنەوەی ١٠٠%ی پێداویستیی ناوخۆ، بەرهەمەکانیان هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکەن و دەتوانن ٢٠%ی پێداویستیی ناوخۆی عێراقیش دابینبکەن، داهاتی ساڵانەی ئەو کارگانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە.

ش.ف