"بڕێک لەو بەشە غازەی بۆ سلێمانی دانراوە بەشێوەی بازرگانیی دەفرۆشرێتەوە"

هێشتا قەیرانی کەمی غازی ماڵان لە سلێمانی چارەسەر نەکراوە و هاوڵاتیان بە ئاستەنگ بوتڵێک غازیان دەستدەکەوێت، ڕۆژنیوزیش ئاشکرایدەکات لە هەر تانکەرێکدا، کە بۆ سلێمانی دانراوە، بڕی چوار تۆنی لێ لادەدرێت و لە بازاڕدا بە گرانتر دەفرۆشرێتەوە.


لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهۆی کێشەی نێوان دوو کۆمپانیای حزبییەوە'گۆڵدن جاگوار و سورغاز' قەیرانی غاز لە هەرێمی کوردستان سەری هەڵدا، ئەوەش دوای ئەوە دروستبوو، کە کۆمپانیای سورغاز لە زیادکردنێکی ئاشکرای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، تەندەری بریکارنامەی دابەشکردنی غازی شلی بۆ دەرچوو، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی کۆمپانیاکە، "لەلایەن کۆمپانیای گۆڵدن جاگوارەوە ئاستەنگییان بۆ دروستدەکرێت و تەقە لە تانکەرەکانیان دەکرێت".

هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک، بە ڕادەیەکی زیاتر قەیرانەکە بەرۆکی گرتن، بەڵام لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجەش غاز بە ڕادەیەکی زۆر کەمبووەوەتەوە و هاوڵاتیان بە چەند ڕۆژ سەرەگرتن،  دەتوانن بوتڵێک غازیان دەست بکەوێت.

ڕۆژانە هاوڵاتیان بڕی چەند غازیان پێویستە؟

کۆمپانیای دانەغاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕۆژانە هەزار تۆن غاز دەداتە ئەو کۆمپانیایەی، کە بەرپرسە لە گواستنەوە و دابەشکردنی غاز بەسەر شارەکانی هەرێـی کوردستاندا، لەو بڕەش کۆمپانیاکە ٧٠٠ تۆنی دەداتە حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی بەسەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمدا بە نرخی ٧٥٠٠ دینار بۆ هەر بوتڵێک دەدرێت بە هاوڵاتیان، هاوکات بڕی ٣٠٠ تۆنیشی بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشێت.

بۆچی قەیرانەکە بەردەوامە؟

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لیژنەیەکی پەرلەمانیی بۆ بەدواداچوون لەسەر کێشەکە سەردانی کۆمپانیای دانا غاز و کێڵگەی کۆرمۆری کرد لە چەمچەماڵ و دواتر ڕایانگەیاند کێشەکە چارەسەر بووە، لە هەمان کاتدا قایمقامیەتی سلێمانیش ڕایگەیاند کێشەکە چارسەر بووە.

بەڵام ناوەندەکانی دابەشکردنی غاز لە شاری سلێمانی بە چەند ڕۆژێک جارێک غازیان پێدەگات و هەر لە بەیانییەکی زووەوە ئەو بەشە غازەی، کە بۆیان دێت، تەواودەبێت، جونکە لەگەڵ کەمییەکەیدا، بەهۆی وەرزی سەرما و سۆڵەشەوە، لەئێستادا خواستێکی زۆر لەسەر غازی شل هەیە، بەتایبەت کە ئێستا هاوڵاتیان کارەبای پێویست و نەوتیان نییە بۆ خۆ گەرمکردنەوە و زیاتر پەنا بۆ غاز دەبەن.

شێرکۆ جەودەت لە لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بۆئه‌وه‌ی به‌شه‌ بازرگانییه‌كه ڕه‌واجی پێ بدرێت و لە بازاڕدا ساغ بكرێته‌وه‌، به‌ سستی به‌شه‌ حكومییه‌كه‌ دابەش دەکرێت‌، خه‌ڵكیش پێویستی بەغازە و ناچاره‌ به‌ نرخێكی به‌رزتر له‌ بازرگانییه‌كه‌ بیكڕێت.

سلێمانی چەند غازی پێویستە؟

ڕۆژانە ١٥ تانکەر غاز، کە زیاتر لە ٣٠٠ تۆنە، دەهێنرێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەسەر کارگەکانی غازدا دابەش دەکرێت تا ئەوانیش بەپێی شوێنەکان بەسەر ناوەندەکاندا دابەشی بکەن.

بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت، بەردەوامی قەیرانی کەمی غازە لە سنوورەکەدا بەتایبەت دوای ڕێگریی لە گواستنەوەی غازەکە بۆ هەولێر و دهۆک و کەمبوونەوەی لە سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا.

 حاجی جەلیل شەریف، هاوڵاتیەکی شاری سلێمانییە و بۆکڕینی غاز لە بەیانییەکی زووەوە سەردانی بازاڕی کردووە، بەڵام بەوتەی خۆی دەستی نەکەوتووە، هیچ شوێنێکیش نییە سکاڵای لا بکات و دەڵێت: هیچ کەسێک خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

حاجی جەلیل دڵنیایە لەوەی کە غاز هەیە، بەڵام بۆچی دابەش ناکرێت؟ نازانێت، دەڵێت، "گیرفانمان بەتاڵ بووە لەپای کڕینی ئاو و نەوت و غاز و کارەبا لەم وەرزەدا".

بایر ئەحمەد، هاوڵاتیەکی دیکە بوو کە ئەویش لە بەیانییەکی زوەوە چەند ناوەندێکی فرۆشتنی غاز گەڕابوو لە سلێمانی، بەڵام دەستی نەکەوتبوو، بۆ ڕۆژنیوز وتی: سەرباری کەمبوونەوەی غاز، کارەبا و نەوتیش نییە و هاوڵاتیان بە پارەیەکی زۆر سوتەمەنییان دەست دەکەوێت لە شارەکە.

کارزان خەلیل یەکێکی تربوو لەو کەسانەی بۆ دەستکەوتنی غاز سەردانی فولکەی مامە ڕیشەی کردبوو، کە یەکێک لە ناوەندەکانی غازی تێدایە، بەڵام دەستی نەکەوتبوو، بەمجۆرە بۆ ڕۆژنیوز دواو پێیوابوو، نەبوونی غاز پەیوەندی بە کێشەی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە هەیە و بەرپرسان لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین پارەدان.

کەریم ساڵح، یەکێکە لە غازفرۆشەکانی ناوەندی شاری سلێمانی و دەربارەی دەستنەکەوتنی غاز لە بازاڕەکاندا ئاشکرایدەکات، ماوەی دوو ڕۆژە هیچ بڕە غازێکیان بۆ نەهاتووە و پێیان ڕاگەیاندووە "غاز کەم بووەتەوەو نییە، تەنها ئەوەندە".

ڕۆژنیوز لەگەڵ یەکێک لەخاوەنی کارگەکان قسەی کرد، کە ڕۆژانە لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە غازی پێدەگات، ئەو جیاوازتر باسی لە کێشەکە کرد و ڕایگەیاند، ئەو بڕە غازەی کە وەریدەگرن، کەمترە لەو بڕەی کە بۆیان دیاریکراوە، واتە لەو زیادەیەی لەسەر حسابی ئەوان لادەدرێت، لە بازاڕدا بە گرانتر دەفرۆشرێتەوە.

خاوەنی ئەو کارگەیە لە سلێمانی، کە ناوەکەی لای ڕۆژنیوز پارێزراوە، ڕایگەیاند: زیاتر لە ٦٥ کارگەی دابەشکردنی غاز لە سلێمانیدا هەیە، ئەوەش وایکردووە ناڕوونیی لە پرۆسەکەدا دروست ببێت و وەک پێویست نەتوانرێت چاودێریی بکرێن.

باسی لەوەشکرد، لە هەر تانکەرێکدا بڕی زیاتر لە ٢١ تۆن غاز لە کێڵگەکەوە باردەکرێت و بۆ شاری سلێمانیش ١٥ تانکەر ڕەوانە دەکرێت، بەڵام لەکاتی بەتاڵکردنی لە خەزانەکاندا، ١٨ تۆنی بەتاڵ دەکرێت و ئەویتری بە نرخێکی زیاتر لە بازاڕدا دەفرۆشرێتەوە.

بەوتەی خۆی پەیوەندی کردووە بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی و کێشەکەی پێ ڕاگەیاندوون، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون بەدواداچوون بۆ کێشەکە بکەن، جەخت لەوەشدەکاتەوە جگە لەو بڕە بازرگانییەی بۆ کۆمپانیای دابەشکار دانراوە تا لە بازاڕدا بیفرۆشێتەوە، لە بەشی سلێمانیشدا لە هەموو تانکەرێکدا بڕی چوار تۆن غاز لادەدرێت و بەشێوەی بازرگانیی دەفرۆشرێتەوە، ئەوەش تاڕادەیەک قەیرانی کەمی غازی دروستکردووە.

ڕۆژنیوز بۆ زانینی هۆکاری بەردەوامی قەیرانەکە، پەیوەندی کرد بە هەریەک لە قایمقامیەتی سلێمانی و بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سلێمانییەوە، بەڵام ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە ڕوونکردنەوە بدەن.

بۆ بەدواداچوونی زیاتری کێشەکە و زانینی سەرچاوەی ئەم قەیرانە، ڕۆژنیوز لەگەڵ لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گفتوگۆی کرد، لەم بارەیەوە پەرلەمانتار شێرکۆ جەودەت باسی لەوە کرد، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن دەستێکی نادیار کڕین و فرۆشتن بەو بەشە غازەوە دەکات، کە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.

وتیشی، هەموو هەوڵەکان بۆئەوەیە خەڵکی بە ئاستەنگ غازیان دەستبکەوێت تا بتوانرێت غازە بازرگانییەکە ساغ بکرێتەوە، جەختی لەوەشکردەوە، بۆ لادانی بەشە غازی سلێمانی لەلایەن ئەو تانکەرانەی دابەشی دەکەن، پەیوەندی بە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانییەوە دەکات و دەبێت هەرچی زووە کێشەی کەمی غاز لەم کاتەدا چارەسەر بکەن.

لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی غازی کۆرمۆر ڕۆژانە هەزار تۆن غازی شل بەرهەمدەهێندرێت، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە بڕی ٦٤٠ تۆن غاز هەیە، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش لەو بڕە ڕۆژانە پێویستیان بە ٣٠٠ تۆن هەیە.

کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لیژنەی وزە و وسامانەسروشتییەکان بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم کێشەیە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەشە غازی شاری سلێمانی وەک ڕۆژانی پێشتر بە زیادەوە دەگات، بەڵام خواست لەسەری بەرز بووەتەوە و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ئەو ڕێژەیە زیاتر بکات تا وەرزی سەرما و سۆڵە کۆتایی دێت.

جەختی لەوەشکردەوە، سەرەڕای دابەشکردنی غاز بەسەر کارگەکاندا وەک خۆی، بەڵام هێشتا گومانی هەیە لە پرۆسەکە و دەبێت چاودێریی زیاتر بکرێت تا ڕێگە نەدرێت چەند کەسانێک سوود لەم کەشوهەوایە وەربگرن و دەست بەسەر پرۆسەکەدا بگرن بۆ دەستکەوتنی قازانجی زیاتر.

ش.ف