بۆ خانەنشینی پلەباڵاکان ٤ پێشنیار خراونەتەڕوو

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای چاکسازیی لە خانەنشینیدا تەواو کرد بۆ خانەنشینیی پلە باڵاکان چوار پێشنیار خراوەتەڕوو.


مادده‌ی حه‌وته‌می پڕۆژه‌یاساكه‌ كه‌ تایبه‌تە به‌ خانه‌نشینی پلە باڵاکان و له‌ چوار بڕگه‌ پێكهاتووە، تێیدا چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خانه‌نشینكردنی پله‌ باڵاكانی هه‌رێم دارێژراوه‌، زۆرترین تێبینی و پێشنیازی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌سه‌ر خرایه‌روو.

ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: چوار پێشنیار بۆ مادەکە خراوەتەڕوو کە تا ئێستا هیچ کامیان بۆ پەسەندکردنی یەکلانەکراوەتەوە.

هەڵەدنی ئاشکرایکرد، یەکێک لە پێشنیارەکان فراکسیۆنی نەوەی نوێ خستوویەتەڕوو کە داوا دەکات خانەنشینی پلە باڵاکان نەمێنێت، پێشنیاری دووەمیش فراکسیۆنی یەکگرتوو خستوویەتەڕوو، کە داوای هاوتاکردنی مادەکە دەکات لەگەڵ عێراق، پێشنیاری سێیەمیش فراکسیۆنی پارتی و چەندد فراکسیۆنێکی تر، کە پێدەچێت ببنە زۆرینە خستویەتەڕوو کە داوا دەکات خانەنشینی پلە باڵاکان بە لەسەدا ١٥ی کۆی مووچە و لێکدانی لەگەڵ هەر ساڵێکی خزمەت بێت، پێشنیاری چوارەمیش مانەوەی ماددەکەیە وەک خۆی.

له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی ئه‌و مادده‌یه‌دا، شەوی ڕابردوو ناکۆکیی له‌نێوان ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار ڕوویدا و ئه‌مه‌ش وایكرد بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دانیشتنه‌كه‌ هه‌ڵپه‌سێردرێت و دواتر جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

لینکی پرۆژەیاساکە پێش جێگیرکردنی پێشنیارەکان و گۆڕانکارییەکان

https://www.parliament.krd/media/4738/%D8%AC%D8%A7%D9%83%D8%B3%D8%A7%D8%B2%D9%8A.pdf

ش.ف