بۆ لابردنى پاشەکەوتى مووچە دوایین دەرفەت دەدرێتە حکومەت

فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى ئەوەن، کە لە یەکەم مانگى ساڵى ٢٠١٩ دا پاشەکەوتى مووچە هەڵبگیرێت، ئەوان دەڵێن، کە ئەگەر پاشەکەوت هەڵنەگیرێت ئەوا دەست بە دەربڕینى ناڕەزایەتى دەکەنەوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، حکومەت تواناى ئەوەى هەیە پاشەکەوت هەڵبگرێت، لە بەرامبەریشدا حکومەت هیچ بەڵێنێک نادات.


لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٦ حکومەتى هەرێم بڕیارى پاشەکەوتى مووچەى دا، بەپێى ئەو بڕیارەش، هەر فەرمانبەرێکى حکومەت، بەپێى بڕى مووچەکەى ٢٥% بۆ ٧٥% ى مووچەکەى پاشەکەوت دەکرا، ئەم بڕیارەش مووچەخۆرانى خستە ژێر بارێکى خراپى ئابورییەوە، بەهۆى ئەوەى ئەو مووچەیەى وەریاندەگرت، بەشى دابینکردنى پێداویستییەکانیانى نەدەکرد.

بڕیارى پاشەکەوتى مووچە لەدواى ئەوەوە هات، کە قەیرانى دارایى ڕووى لە هەرێمى کوردستان کرد، ئەویش بەهۆى ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ساڵى ٢٠١٤دا  بڕیارى سەربەخۆ فرۆشتنى نەوتى هەرێمی دا و حکومەتى ناوەندى عێراقیش، کە ئەو کاتە لەلایەن نورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکرا، ناردنى پشکى هەرێمى کوردستانى لە بودجەى گشتى عێراق ڕاگرت، هەرچەند بەرپرسانى هەرێم بەڵێنیان بە خەڵک دابوو، کە ئەگەر نەوت سەربەخۆ بفرۆشن هەرێمى کوردستان زیاتر لەوەى لە بەغداوە بۆى دێت داهاتى دەبێت، بەڵام وا دەرنەچوو هەرێم ڕووبەڕووى قەیرانێکى قورسى دارایی بوویەوە.

حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەتاوەکو کۆتایى ساڵى ٢٠١٥ شەش مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم قەرزار بوو، ئەو شەش مووچەیەى بۆ فەرمانبەران پاشەکەوت کرد، لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٦ بڕیارى پاشەکەوتى مووچەى دەرکرد، بەڵێنىدا بە فەرمانبەران، کە لە دواى ئەو بڕیارە مانگانە مووچە بدات، بەڵام ئەوەشى بۆ نەکرا و لە کۆى گشتى ساڵەکانى ٢٠١٦ تا ٢٠١٨ سێ مانگ پێدانى مووچەى فەرمانبەران لەدواوە بووە، واتا فەرمانبەران لەسەرى هەر مانگێکدا مووچەى سێ مانگ پێشترى وەردەگرت.

لە دواى ڕووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧، زۆرینەى بیرە نەوتەکانى هەرێمى کوردستان کەوتنەوە دەست حکومەتى ناوەندى، بۆیە حکومەتى ناوەندى کەوتە ژێر بەرپرسیارێتى ئەوەى بەشێک لە بودجەى هەرێمى کوردستان بدات، بۆیە لە ڕۆژى ١٩ى ئازارى ٢٠١٨ بە بڕیارى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پێشوى عێراق، بڕى ٣١٨ ملیار دینار بۆ مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم ڕەوانە کرا، لەدواى ناردنى ئەو پارەیە، فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، دەستیان بە خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەزایی کرد، ئەوەش حکومەتى هەرێمى ناچار کرد، لە ٢٨ى ئازاردا بڕیارى لابردنى بڕێک لە پاشەکەوتى مووچەى دا، کە بەپێى بڕیارە نوێکە زۆرترین پاشەکەوت ٢٥% بوو.

لە ئێستادا مامۆستایان و فەرمانبەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چاوەڕوانى هەڵگرتنى یەکجاریى پاشەکەوتى مووچەن، لەو چوارچێوەیەدا، دڵشاد بابانى، مامۆستاى ناڕازى، بە ڕۆژنیوزى وت: حکومەتى هەرێمى هەرێم بەڵێنى دابوو، لە ساڵى نوێدا پاشەکەوتى مووچە هەڵبگرێت، بۆیە چاوەڕێى ئەوەین، ئەگەر حکومەت لە مووچەى مانگى یەک-دا پاشەکەوتى مووچەى هەڵنەگرت، ئەوا ناڕەزایەتییەکان دەستپێدەکاتەوە لەلایەن هەموو چین و توێژەکانەوە.

وتیشى: ڕەنگە بە فۆڕمى نوێ دەست بە دەربینى ناڕەزایەتى بکرێتەوە، وەک مانگرتن و بایکۆت، خۆپیشاندان، یان بە هەر ڕێکارێکى مەدەنى بێت، ناڕەزایەتى دەردەبڕین بۆ ئەوەى فشار لەسەر حکومەت دروستبکەین.

دڵشاد بابانى ئاماژەى بەوەشکرد، کە ئەوان لە ڕێگەى ڕاگەیەندراوەوە حکومەتیان ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەگەر پاشەکەوتى مووچە هەڵنەگرن ئەوا دەست بە دەربڕینى ناڕەزایەتى دەکەنەوە.

هەر لەسەر ئەو بابەتە، شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتارى خولى پێنجەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، کە لە خولى چوارەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستاندا سەرۆکى لیژنەى پیشەسازى و وزە بوو لە پەرلەمانى هەرێم، بە ڕۆژنیوزى وت: حکومەتى هەرێم هەر لە ساڵى ڕابردوودا دەیتوانى پاشەکەوتى مووچە لابەرێت، چونکە داهاتى گەشتبووە زیاتر لە ملیارێک دۆلار-ى مانگانە، لەبەر ئەوە پاشەکەوتى مووچە زوڵمێکى گەورەیە، کە حکومەت لەسەرى بەردەوامە و دەبوو زۆر زووتر لایبردایە.

ناوبراو لەبارەى ئەوەى ئایا حکومەت هیچ بەڵێنێکى بە پەرلەمان داوە پاشەکەوتى مووچە لابەرێت، وتى: بە فەرمى هیچ بەڵێنێکى نەداوە، ئێمەش ناتوانین بڕوا بە هیچ لێدوانێک بکەین، چونکە هەتاوەکو بڕیار نەدرێت و فەرمانبەر بێ پاشەکەوت مووچە وەرنەگرێت، ناتوانین بڕوا بکەین.

شێرکۆ جەودەت، ڕاشیگەیاند، کە پڕۆژەیاسایەکیان بۆ لابردنى پاشەکەوتى مووچە ئامادەکردووە و چاوەڕوانى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانن، بۆ ئەوەى پڕۆژەیاسەکەیان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان بکەن.

لەبەرامبەر ئەو هۆشداریانەى فەرمانبەران دەیدەنە حکومەتى هەرێم و ئەو ناڕەزایەتیانەى پەرلەمانتاران دەریدەبڕن، بۆ لابردنى پاشەکەوتى مووچە، حکومەتى هەرێمى کوردستان بێدەنگە و هیچ بەڵێنێک نادات بۆ لابردنى پاشەکەوتى مووچە.

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە کۆتا ڕۆژى ساڵى ٢٠١٨ دا پەیامێکى بەبۆنەى ساڵى نوێوە بڵاوکردەوە، تێیدا ڕوو لە فەرمانبەرانى هەرێم دەکات و دەڵێت، کە ڕۆژە سەختەکان تێپەڕین و ئایندەیەکى پڕشنگدار چاوەڕێمانە، ئەوە تەنها بەڵێنى حکومەتى هەرێمە بۆ فەرمانبەران.

بەپێى ئەو ئاماژانەى کە دەرکەوتوون، ئەگەر بێت و حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەنگاوى خێرا هەڵنەگرێت بۆ لابردنى پاشەکەوتى مووچە، ڕەنگە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى فراوان لە هەرێمى کوردستان دەستپێبکات و هەرێمى کوردستان ڕۆژانێکى سەخت لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٩ تێپەڕێنێت.

 

ک.ک