بۆ مووچەی پەروەردە چاوەڕوانی  پارەی بەغدا دەکرێت

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوەو لە خشتەکەدا وەزارەتی پەروەردە نەبوو، دواتر لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەزارەتەکە رایگەیاندووە، کە چاوەڕێی پارەی بەغدایە.


ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوەو مووچەی وەزارەتی پەروەردەی تێدا نەبوو، لەوبارەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە ڕووونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا سێ خاڵ هاتووە، کە بریتیین لە:

یەکەم: لەسەرەتای راگەیاندنی  سیستەمی نوێی دابەشكردنی مووچە ئەوە راگەیاندرا كە بنەمایی ئەم سیستەمە لە سەر دوو بڕە پارەیە، ئەوانیش ٣٧٨ ملیار دیناری داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ ئەو ٣١٧ ملیار دینارەیە، كە بەغداد دەینێرێت، بۆیە مانگانە مووچە لەكاتی خۆی دابەشدەكرێت بە دوو لیست، لە لیستی دووەم لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەكەی بەغدا یەكەم وەزارەت، وەزارەتی پەروەردە دەبێت.

دووەم: لە ساڵی ٢٠١٤ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕیاریاندا لە دابەشكردنی مووچە مانگانە یەكەم وەزارەت لە ریزبەندی وەزارەتی پێشمەرگە بێت.

سێیە: زۆرترین بڕی مووچە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ و پەروەردەیە، ناتوانرێت لەیەك لیست هەمووی پێكەوە بدرێت، چونكە هەردوو بڕە پارەكە بەیەكەوە ناگاتە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

س.ح