بۆ هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکان چاوەڕێی بڕیاری حکومەت دەکرێت

بەمەبەستی نەهێشتنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، گومرگی هەردوولا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە و لە چاوەڕوانیی بڕیاری کۆتایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و عێراق-دان.


لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو ڕێگاكانی هەرێمی كوردستان بە ناوەڕاست و سەرووی عیراقەوە پچڕان مەرجی حكومەتی عیراقیش بۆ كردنەوەی ئەو ڕێگایانە دانانی گومرگ بوو لە ڕێگاكانی سلێمانی – کەرکوک، هەولێر - كەركوك، دهۆك - موسڵ، تا لە ڕۆژی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١٨ ئەو خاڵە گومرگییانە دانران، ئەمەش ناڕەزایی زۆری هاوڵاتیان و بازرگانانی بەدوای خۆیدا هێنا و داوای هەڵگرتنی دەکەن.

لەبارەی چارەنووسی ئەو خاڵە گومرگییانەوە، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەو خاڵە گومرگییانە کێشەی هاتووچۆی دروستکردووە  ونرخی کاڵاکانی بەرزکردووەتەوە، بۆیە ئێمە و گومرگی عێراق ڕێککەوتنێکمان واژۆکردووە بۆ لادانی ئەو خاڵە گومرگییانە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، باسی لەوەش کرد، کە ئەو ڕێککەوتنە دەخرێتە بەردەم هەردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدەن و خاڵە گومرگییەكانی ناوخۆیی هەڵبیگردرێن.

هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکان یەکێک لە خاڵەکانی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-یشە، کە بڕیارە لە کاتژمێر ٠١:٠٠ی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت.

ش.ف