"بۆ پرسی موچە و بودجەی هەرێم وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتکرا"

بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پشكی هەرێم لەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بانگهێشتی وەزیری دارایی حكومەتی عێراق کرد و پێدەچێت بانگهێشتی پەرلەمانیش بکرێت.


ئەمڕۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بانگهێشتی فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی حكومەتی عێراقی کرد.

لە بارەی ناوەڕۆكی بانگهێشتەكە هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی  گرنگ و قورس بوو بەتایبەت بۆ وەزیری دارایی لەبەر ئەوەی "ئێمە  زۆر دەمێکە لە لێژنەی دارایی ئەو ناڕەزایەتیەمان دەبینی سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕگەی جیمی ماددەی ١٠ لە یاسای بودجە (كە تایبەت بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چۆنیەتی خەرجكردنی پشكی هەرێم) لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا، هەر بۆیە بەشێک لە پەرلەمنتارەکان بە ئاشکرا پیێان وت کە وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان، وتیشی: قسەی زۆر کرا لەسەر ئەوەی ئەم بڕگەیە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە کێشەی هەموو حکومەتێکی فیدراڵ لایەنی کەم لەگەڵ هەرێمەکاندا سێ شتە، یەکەم: دۆزینەوەی سەروەت، دووەم: دابەشکردنی دەسەڵات و لەگەڵ دابەشکردنی جوگرافیا، هەر لەبەر ئەوەیە باسمان لەوە کرد کە پێویستمان بە دەرفەت هەیە و بەهیچ شێوەیەکیش نادادپەروەری پەسەند ناکەین و پشتگیریش لە بردنی نەوت ناکەین کە لە هەرێمی کوردستان ناشەفافیەتی تێدایە لەگەڵ ئەوەشداین هەردوو حکومەتەکە بگەنە ئەنجام، بەو مەرجەی کە لەسەر حسابی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبێت، چونکە ناکرێت حکومەتی عێراقی هیچ ڕێگایەکی لەبەردەستدا نەبیت، جگە لە بوونی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

ک.س