بۆ چارەسەری کێشە داراییەکان شاندێکی باڵای هەرێم و بەغدا کۆبوونەوە

بۆ چارەسەری کێشە داراییەکان و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق، شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق کە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق-ی تێدایە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.


ئەمڕۆ لەشاری هەولێرشاندێکی باڵای حکومەتی عێراق، کە لە چەند وەزیرێک و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق پێکهاتووە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتوویەتی: ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی رسومات هەنگاوێکی گرنگبوو بۆ بە چوارچێوەکردنی سیاسەتی هاوبەش، گرنگ دروستکردنی بنەماو چوارچێوەیەکە بۆ کارکردن، هەرچەند دەزانین لە جێبەجێکردن و شرۆڤەکاندا هەندێک کێشە هەیە، بۆیە ئەرکی ئێمەیە کە بەگیانی هەماهەنگی هاوبەش ئەم ئاستەنگانە تێپەڕێنین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، لەسەر بنەمای دەستوور کە بڕوامان پێی هەیە، هەوڵ دەدەین کێشەکانی وەک نەوت، ناوچە کێشە لەسەرەکان و کۆمەڵێکی زۆری یاساکان کە سیستەمی فیدراڵی وڵات ڕێکدەخەن، چارەسەر بکەین، کەواتە کاری زۆرمان لەپێشە بە گفتوگۆ و مامەڵە لەگەڵ یەکترکردن دەتوانین چارەسەریان بکەین.

د.ع