بێ ئەوەی گەراجیان هەبێت گەراجانە لە شۆفێر وەردەگیرێت

نەبوونی پارک (گەراج)ی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل و وەرگرتنی پارە لە شۆفێران، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی شۆفێرانی مەرزی شۆشمێ-یە و بەرپرسێک-یش دەڵێت: سەروو خۆمان ئاگادارکردووەتەوە.


مەرزی شوشمێ،‌ دەکەوێتە سنووری شارەدێی بیارە لە پارێزگای هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵەکان بۆ بە فەرمیی ناساندنی مەرزەکە بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتووە.

هەر مەرزێك بۆ بە فەرمیی بوونی پێویستە كۆمەڵێك فەرمانگەی تێدا بكرێتەوە، لە ئێستادا لەمەرزی شوشمێ، كەرەنتینە، كوالێتی كۆنترۆڵ، ئاسایش، چاودێریی خۆراك و پاسەوانی سنوور-ی بۆ دابین کراوە و چاوەڕوانی واژۆ و بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكرێت بۆ ئەوەی مەرزەکەب بێتە فەرمی.

مەرزەکە جگە لە بەفەرمیی نەبوونی چەند گرفتێکی خزمەتگوزاریی هەیە، لەوانە: خزمەتگوزارییەكانی ڕێگاوبان، شوێنی دانیشتن بۆ شۆفێران وەك پێویست لە مەرزەکەدا نییە، ئەمەش گرفتی بۆ شۆفێران و هاتووچۆکەران دروست کردووە.

هەروەها، ئەو پارکەی بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل دروستکراوە، نزیکەی حەوت کیلۆمەتر لە مەرزەکەوە دوورە، ئەگەرچی هێشتا گەراجەکە تەواونەبووە و شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیانی تێدا ڕاناگرن، بەڵام لەبەرامبەر تێپەڕینی هەر ئۆتۆمبێلێک بە مەرزەکەدا، پێنج هەزار دینار وەردەگیردرێت.

حەیدەر محەمەد، یەکێک لەو شۆفێرانەی، کە ڕۆژانە لە مەرزەکەوە هاتووچۆ دەکات، باسی لەوە کرد، کە بەناوی گەراجانەوە پارەیان لێوەردەگرن و وتی:"نازانین ئەو پارە بۆ کێیە و بۆ کوێ دەڕوات، تا ئەو ئەو پارەیەش نەدەین، ڕێگا نادەن بڕۆینە مەرزەکەوە".

سەبارەت بەوەرگرتنی گەراجانە، حەمید بارام بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ئاگاداركراونەتەوە لە وەرگرتنی پارە لە شۆفێران، بۆیە "بە نووسراوی فەرمیی سەروو خۆمان ئاگاداركردوەتەوە و پێمان ڕاگەیاندون، کە وەرگرتنی ئەو پارەیە دەبێت لەڕێگەی یاساوە بێت".

لەبارەی دووری پارکەکەشەوە، بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە، وتی:"ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتووچۆ دەکەن، هەڵكەوتەی جوگرافیی ناوچەكەشمان وایە ڕووبەری زەویمان كەمە، شەقامەکانیشمان وەك پێویست نییە، بۆیە لەسەر بڕیاری پارێزگاری هەڵەبجە پارکەکە لەخوارەوە دروستكراوە".

مەرزی شوشمێ‌ نیمچە فەرمیە و تەنها شتی لێوە هاوردە دەکرێت و لە هەرێمی كوردستانەوە هیچ كاڵایەك هەناردەی ئێران ناكرێت.

ئەو کاڵایانەیشی لە مەرزەکەوە هاوردەی هەرێم دەکرێن بریتن لە (گەچ، عەرەبانەی دەستیی و جۆرەکانی میوە) بە وتەی شۆفێران پێشوتر ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ بار لەمەرزەكەوەهاتووە، بەڵام لەدوای یەکخستنی ڕسوماتی گورمگیی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەرزبوونەوەی بڕی گومگەکە بە بڕیاری حکومەتی عێراق، ئێستا ڕۆژانە هاوردەکردن لەو مەرزەوە دابەزیوە بۆ١٠ بار.

ک.س