بەرهەمهێنانی نانی هەورامی و خواستی هاوڵاتیان لەسەری

لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە چەندین کارگەی تایبەت بە دروستکردنی نانی هەورامی هەیە و لەلایەن خەڵکی پارێزگاکە و پارێزگاکانی دیکەی هەرێم خواستی زۆری لەسەرە و بەشی زۆری کارگەکانیش لە لایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام وەک خاوەن کارگەکان باسی دەکەن بەهۆی چەند گرفتێکەوە لە ئێستادا بەرهەمهێنانی نانی هەورامی کەمی کردووە.


نانی هەورامی لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، خواستی لەسەرە بەڵام پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان بە ناوەندی دروستکردنی ئەو نانە دادەنرێت و لە ئێستاشدا جگە لەوەی بەشێک لە ژنان لە ماڵەکانیان نانی هەورامی دروست دەکەن بۆ فرۆشتن، چەند کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی ئەو نانەش لە هەڵەبجەدا هەیە ڕۆژنیوز گرفتەکانی دروستكردنی نانی هەورامی لەلایەن ژنان و خواست لەسەری دەخاتەڕوو.

كارگەی نانی کوردی هەڵەبجە، كە لەلایەن ژنێكەوە دامەزراوە، ڕۆژانە ٦ بۆ ٧ كاتژمێر،  چەند ژنێک کاری تێدا دەكەن و نان بۆ بەشێك لەهاوڵاتیان و فەرمانگە و سۆپەرماركێتەكانی ناو هەڵەبجە و دەرەوەی دابین دەكەن.

لەئێستادا لەكارگەكەدا ڕۆژانە ٣ فەردە ئارد دەكرێت بەنان كە دوو هەزارو ١٦٠ نانی لێ بەرهەم دێت، بەڵام وەک خاوەن کارگەکە دەڵێت لە پێشتردا ١٠ فەردە ئاردیان کردووە بەنان کە حەوت هەزارو ٢٠٠ نانی هەورامی لێ بەرهەم هاتووە.

لە کەرگەکەدا هەر ژنێک ٦٠ نان بە ٢ هەزارو ٢٥٠ دینار دروستدەكەن، ٨ نانی هەورامیش بە هەزار دینار بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.

لە بارەی کارەکەیەوە نەخشین نامیق، خاوەنی كارگەی نانی هەورامی لە هەڵەبجە وتی: بەرواری دەست بەكاربوونم لەم كارەدا دەگەڕێتەوە ساڵی ٢٠١٥، ئەویش  پاش چەند ساڵێك لەتەوابوونی خوێندنم، هەروەها بەهۆی دامەزراندنم بیرمكردوە كارێك بكەم، بۆیە هەستام بەدامەزراندنی كارگەكەی دروستکردنی نانی هەورامی.

لەسەر کارەکەی زیاتر قسەی کرد و وتی: "سەرەتای كارەكەم بە ٣ كارمەند دەستمپێكرد، دواتر گەشتنە ٢٨ كارمەند، بەهۆی دروستبونی قەیرانی دارایی لەساڵانی ڕابردودا، لەبەر كەمی بازاڕو كەمی خواست لەسەر بەرهەمەكە بەشێك لەكارمەندەكان وازیان لەكارەكەیان هێنا، بەڵام خۆشبەختانە تائێستاش ٨ کارمەندم هەیە و بەردەوامم لەكارەكەم، ڕۆژانە لەكاتژمێر ٥:٣٠ خولەكی بەیانی دەست دەكەین بەكاركردن تا كاتژمێر ١ی نیوەڕۆ.

کارگەکە ڕۆژانە لەپاڵ دروستکردنی نانی هەورامی کە بەرهەمی سەرەکی کارگەکەیە نانی تیری، نانی جۆش بۆ ئەو كەسانە دروستدەكات كە داوای دەكەن، دەشوترێت نانی هەورامی بەهۆی ئەوەی خومرە و سۆدەی تێناکرێت بۆ تەندروستی مرۆڤ باشە.

ئەو ژنە خاوەن كارگەیە باسی لەگرفتەكانی كرد و وتی: "چەند گرفتێكمان هەیە ڕۆژانە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە یەكێك لەو گرفتانە خراپی ئەو ئاردەیە لەبازاڕدا هەیە،هەرچەندە پارەیەكی باشی پێدەدەین، بەڵام لەسەر خواست و داواكاری ئێمە نیە، نانەكەی زۆرجار ڕەنگە جوان دەرنەچێت، هەروەها نەبوونی پلانێكی  تۆكمە كە بتوانێت بازاڕی نانەکە ڕێكبخات، چونكە لەشارێكی وەك هەڵەبجە چەندین كارگەی نانی گەورە هەیە ئەوەجگە لەوەی دەیان ژن لە ماڵەکانی خۆیان نان دروست دەکەن و دەیفرۆشن" وتیشی: لایەنی پەیوەندیدار پێویستە ڕێكخستێك بكات ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە هاوكاربێت لەگەڵیان، هەرچەندە لەناوچەكانی  شارەزور، سلێمانی، ڕانیە، كۆیە، هەولێر، ڕۆژانە داوامان لێدەكەن نانیان پێ بفرۆشین، بەڵام بەداخەوە زۆرجار ناتوانین بۆیان دابین بكەین، ئەویش لەبەر نەبوونی كارمەندی پێویست كەئەوەش یەكێكی دیكەیە لەگرفتە سەرەكیەكانمان، زیاتر لە سەر گرفتەکان دوا "لە سەرەتای دامەزراندنی کارگەکەم لەكۆمەڵگا پێیان دەوتم لەهەڵەبجە چۆن كاری وادەكەیت هەڵەبجە ژنان خۆیان لەماڵەوە نان بۆ خۆیان دەكەن، بەڵام سەركەوتم بەسەر ئەم كارەداو تائێستاش بەردەوامم".

سەبارەت بەكاریگەری نانی نانەواخانە و سەمونخانەكان لەسەر بازاڕی ئەمان وتی: "نانی نانەواو سەمونخانەكان هیچ كاریگەرییەكی لەسەر بازاڕی ئێمە نیە، چونكە نانی هەورامی خومرەو سۆدەی تێناكرێت، هەڵهاتن و ترشاندنی نیە، لە ڕووی تەندروستیەوە بۆ هاوڵاتیان باشە.

حەمدییە سابیر، یەکێک لە کارمەندانی کەرگەکەیە کە بەیانیان زوو بۆ دروستكردنی نان و دابینكردنی بژێویی بۆ خۆی و خێزانەكەی ڕوودەکاتە كارگە وتی: بەیانیان كاتژمێر ٥ دێمە ئێرە دەست دەكەم بەئیشكردن تا كاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ كاردەكەم ڕۆژانە ٢٤٠ نان دروست دەكەم، لەوە زیاتر ناتوانم كار بكەم، خودا نەیبڕێت ئیشكە بۆ ئێمە باشە و بژێوی خۆمانی پێدابین دەكەین.

هەروەها غەریبە محەمەد، ژنێكی پارێزگای هەڵەبجەیە بۆ كڕینی نان ڕووی لە كارگەکە کردبوو بەمشێوەیە قسەی کرد "نانەكەیان و ئیشوكارییان زۆر پاكو خاوێن و جوانە، دەستخۆشیان لێدەكەم، كە خەڵكی سودی لێوەرگرتوە، وەك خانەوادەیی خۆشمان سودمان لەنانی هەورامی وەرگرتووە، چونكە ئەم نانە زۆر تەندروستە و خومرەو سۆدەی تێناكرێت".

ک.س