بەرهەمیی ناوخۆیی دەبێتە قوربانیی بێ پلانیی حکومەت

وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومی سەوزە و میوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بۆ ساغبوونەوەی بەروبوومە ناوخۆییەکانیش حکومەت هاوردەکردنی چەند جۆرێک سەوزە و میوەی قەدەغەکردووە، بەڵام بێ پلانیی حکومەت بۆ ئەمبارکردن و ساغکردنەوەی بەروبوومی ناوخۆیی، دەبێتە هۆی تێکچوون و فڕێدانی بەرهەمە ناوخۆییەکان.


هەرێمی كوردستان خاوەنی ڕووبەرێكی بەرفراوانی زەوی بەپیتە بۆ كشتوكاڵکردن کە بریتییە لە شەش ملیۆن و ٦١٩ هەزار و ١٩ دۆنم، ساڵانە ملیۆنان دۆنم زەویی بە بەروبوومی جۆراوجۆری هاوینە و زستانە دەچێندرێن، لە هەندێک بوارەوە گەیشتووەتە ئاستی خۆژێنی و لە هەندێک بواری دیکەشەوە زیاد لە نیوەی پێداویستیی ناوخۆیی پڕدەکاتەوە.

هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنەپێشەوەی وەرزی پێگەیشتنی بەربوومەکاندا، گرفتی ساغنەبوونەوە دەبێتە خەمی جووتیاران، چونکە ڕێژەیەکی زۆری بەرهەم لە ماوەیەکی کەمدا دەکەوێتە بازاڕەوە و خواستیش لەسەری کەمدەبێتەوە.

بۆ بەدواداچوون لەسەر هۆکارەکانی دابەزینی نرخی بەرهەمەکان و ساغنەبوونەوەیان، چووینە عەلوەی سلێمانی و بەدواداچوونمان بۆ ئەم پرسە کرد.

گەرمەی مامەڵەیە ئەم دەڵێت "دوو سندووقی ٢٠ کیلۆیی تەماتە بە پێنج هەزار دینار" و ئەویش دەڵێت "بە چوار هەزار ماڵمە"، دوو ڕۆژە ئەم پیکابە تەماتەیە لە پێنجوێنەوە هێندراوە بۆ عەلوەی سلێمانی و تا ئێستا نەفرۆشراوە، دواجار ئەم پیاوە مامەڵەکەی بردەوە و بارەکەی کڕی بە ٨٤ هەزار دینار.

ساڵی ڕابردوو ١٩٤ هەزار و ٩٧٧ تۆن تەماتە لە هەرێمی کوردستان بەکارهێندراوە، ٦٦ هەزار و ٢٩ تۆنی لە ناوخۆی هەرێم بەرهەمدەهێندراوە ئەوەی دیکەی لە دەرەوە هاوردە کراوە.

لەم وەرزەدا کە بڕێکی زۆر تەماتە بەرهەمدێن و سروشتی بەروبوومەکەش بەشێوەیەکە کە بەرگەی مانەوەی زۆر ناگرێت و جێگای تایبەت بە هەڵگرتنیشی نییە، جووتیاران بەناچاریی بە نرخێکی زۆر کەم دەیفرۆشنەوە، کە زۆرجار تێچووی بەرهەمهێنانەکەیان بۆ ناگرێتەوە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش، ڕۆژی ٢٢ی ٨ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا لە ١ی ئەیلولەوە هاوردەکردنی تەماتە تا کاتێکی نادیار قەدەغەبکرێت.

نەعمان عوسمان، بریکاری فرۆشتنە لە عەلوەی سلێمانی، بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی پێنجوێن دەهێنێت و ساغی دەکاتەوە و دەیفرۆشێت، ئەو دەڵێت:"ئەگەر جووتیار کیلۆیەک تەماتە لە ٣٥٠ دینار کەمتر بفرۆشێتەوە زەرەر دەکات، چونکە کرێی کرێکاری چنین، سندووقەکە دەکڕێت، کرێ ئۆتۆمبێل و عمولە، دەیهێنێتە عەلوە ئێمەش لێرە بە پارە بۆی دەفرۆشینەوە، واتە ئەمانە هەمووی تێچووە، بەڵام من ئەمڕۆ کیلۆی تەماتەم فرۆشتووە بە ١١٠ دینار".

ئەم گرفتە هەر یەخەی تەماتەی نەگرتووە، شووتیش یەکێکی دیکەیە لەو بەروبوومانەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ڕێژەیەکی بەرچاوی لێ بەرهەمدەهێندرێت، ساڵی ٢٠١٨ ١٤٩ هەزار و ٧٣٢ تۆن شووتی لە هەرێمی کوردستان بەکارهێندراوە، ٨٤ هەزار و ٣٤٥ تۆن ناوخۆیی بووە و ٦٥ هەزار و ٣٨٨ تۆنیشی لە دەرەوە هاوردە کراوە.

سەرباری ئەوەی شووتی ناوخۆیی توانای پڕکردنەوەی لەسەدا ٥٦ی پێداویستیی ناوخۆی هەیە و بەتایبەت لە وەرزی پێگەیشتنیدا ڕێژەیەکی زۆری لێ دەکەوێتە بازاڕەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ بڕیارێکی بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی شووتی دەرنەکردووە و تەنها باجی گومرگیی بە بڕی ٢٥٠ دینار لەسەر هەر کیلۆیەک داناوە، کە ئەمەش نەبووەتە هۆی ڕەوینەوەی نیگەرانییەکانی جووتیاران.

گرفتی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکان لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

بەوپێیەی لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومی هاوینەدا ڕێژەیەکی زۆری بەرهەم لە ماوەیەکی کەمدا دەکەوێتە بازاڕەوە، ڕێژەی بەرهەم زیاتردەبێت لە پێداویستیی بازاڕ، چونکە هیچ شوێنێکی تایبەتمەند نییە بە هەڵگرتنی بەروبوومەکان و ئەمبارکردنیان بۆ وەرزەکانی دیکە، ئەگەریش بەرهەمەکان لەم وەرزەدا ساغنەکرێنەوە ئەوە لەناودەچن، بۆیە جووتیاران چەندین ڕێگا دەگرنە بەر بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ساغبکەنەوە و لە لەناوچوون ڕزگاریان بکەن.

یەکێکی دیکەش لە گرفتەکان ئەوەیە، کە ئەو بەرهەمانەی لەناوخۆ بەرهەمدەهێنرێن لە بواری پیشەسازییدا بەکارناهێندرێن، بۆنموونە لەگەڵ هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری تەماتە، تەنها دوو کارگەی دروستکردنی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لە هەرێمی هەیە، کە ئەوانیش توانایان سنووردارە.

حکومەتی هەرێم نەک نەتها هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی ڕانەگرتووە کە زیان بە بەروبوومی ناوخۆیی دەگەیەنن، بەڵکو هیچ پلانێکیشی نەبووە بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە لە ڕێژەی پێداویستیی ناوخۆیی زیاتریان لێ بەرهەمدێت.

بۆنموونە بەشێوەیەكی گشتی ساڵانە ٢٤٠ هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێندرێت، كەچی بازارەكانی ناوخۆ پێویستیان بە ٩٠ هەزار تۆن پەتاتەیە، حكومەتی هەرێمیش نەك هیچ پلانێكی نەبووە بۆ ناردنەدەرەوەی، بەڵكو ڕێگریشی لە هێنانی پەتاتەی وڵاتانی دیکە نەكردووە.

شاڵاو جەمال، بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: حکومەتی هەرێم هیچ سیستمێکی نییە بۆ وەرگرتنی بەروبووم لە جووتیاران و دواتر ساغکردنەوەیان، ئەرکی وەزارەتی کشتوکاڵە کە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکان لە دەرەوەی وڵات بدۆزێتەوە، یانیش لە ناوەڕاست و باشوری عێراق، کە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی باش بەرهەمیان بۆ دەنێردرا، بەڵام ئێستا بەهۆی باشتربوونی دۆخی ئەمنییەوە و بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ لەو ناوچانەش، کەمتر بەرهەمەکانی ئێمە دەبەن.

ئەم گیروگرفتانە وای لە بەشێکی جووتیاران کردووە، بەروبوومەکانیان ببەنە قەراغی شەقامەکان و بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ بیفرۆشنەوە، ئەم گەنجە ناوی یوسفە و لێرە فرۆشیارە، دەڵێت، دوێنێ کیسێک خەیاری ٢٠ کیلۆیی و سندووقێکی ١٠ کیلۆیی تەماتەی بە سێ هەزار دینار فرۆشتووە.

یوسف هەمزە باس لەوەش دەکات: جووتیاران بەرهەمەکانیانمان بۆ دەهێنن و ئێمە لێرە بۆیان دەفرۆشینەوە، لەڕاستیدا هەر بە مایەکاریی دەیفرۆشینەوە.

ک.س