بەرهەمی گەنم و جۆی ئەمساڵی گەرمیان کەمتر بووە

بەهۆی دواکەوتنی بارینی باران، بەرهەمی گەنم و جۆی جوتیاران ئەمساڵ ١٢٥ هەزار تۆن بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمیکردووە، جوتیارانیش بۆ ساڵانی داهاتوو داوای پرۆژەی بارانی دەستکرد لە حکومەت دەکەن.


لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ئەمساڵ بەهۆی دواکەوتنی بارانبارین و دواکەوتنی پەڵە بۆ کشتوکاڵ و کەمی ڕێژەی باران-بارین، وشکەساڵیی ڕووی لە سنورەکە کرد، بەتایبەتیش لە سنوری هەردوو شارۆچکەی کفری و خانەقین، ئەمەش کاریگەری بەرچاوی لەسەر ڕێژەی بەرهەمی گەنم و جۆ و دانەوێڵەی جوتیاران دروستکردووە.

کاروان حسێن، جوتیارێکی گوندی مەجید سالار، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان وتی: زەوییەکەی من پشت بە باران دەبەستێت، ئەمساڵ پێنج تا شەش تۆن گەنمم چاند، بەڵام بەهۆی وشکەساڵیی و دواکەوتنی باران بارینەوە، زەوییەکەم بەرهەمی نەبوو، بۆیە ناچارم ئەو بڕە کەمەی کە بەرهەم هاتووە بیکەم بە لەوەڕی ئاژەڵ.

هەروەها شاڵاو عوسمان، جووتیارێکی دیکەیە و لە گوندی ساڵح ئاغا زەوی کشتوکاڵی هەیە و دەڵێت:"ساڵانی ڕابردوو ئەگەر یەک تۆن گەنممان بچاندایە چوار تۆن گەنم بەرهەم دەهات، بەڵام ئەم ساڵ ١٠ تۆن گەنم-مان چاندووە، تەنها ١٢ تۆن گەنم بەرهەم هاتووە، ئەم ڕێژەیەش بۆ جوتیار زۆر کەمە".

شاڵاو وتیشی: داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، لە ساڵانی داهاتوودا پرۆژەی بارانی دەستکردمان بۆ دابین بکات و گەنم و کیمیاوی پێشوەخت بەسەر جوتیاران دابەشبکات.

لەلایەکی ترەوە شادییە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان وتی: بەرهەمی گەنم و دانەوێڵەی جوتیارانی گەرمیان لەم ساڵدا، لە نیوەی بەرهەمی ساڵی پار کەمترە، ساڵی پار بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە نێوان ١٥٠ بۆ ٢٠٠هەزار تۆن دەبوو، بەڵام ئەمساڵ کەم بۆتەوە بۆ نزیکەی ٧٥هەزار تۆن.

شادییە حسێن وتیشی: گرفتی سەرەکی گەرمیان بۆ وەرگرتن و عەمبارکردنی گەنم نەبوونی سایلۆیەکە، لە ساڵی ٢٠١٣ پرۆژەی دروستکردنی سایلۆیەک دەرچووە بۆ گەرمیان و دراوە بە دوو کۆمپانیاش بۆ جێبەجێکردنی، هەموو ئامادەکارییەکانیشی تەواوبووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو پرۆژەیە ڕاگیراوە. 


ک.ک