بەرهەمەكانی وەرزی هاوین لە پێشانگایەك نمایشكران.. بە وێنە

جوتیارە نمونەییەكەی هەڵەبجە، پێشانگایەكی بۆ بەرهەمەكانی وەرزی هاوین كردەوە و تیایدا نزیكەی ٣٠ جۆر بەرهەمی نمایش كرد.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە زەوییە كشتوكاڵییەكی خۆی لە نزیك شارەدێی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، جوتیارە نمونەییەكەی هەڵەبجە بەرهەمەكانی وەرزی هاوینی خستەڕوو.

لەناو پێشانگاكە چەندین جۆر بەرهەمی تایبەت بە وەرزی هاوین و چەند بەرهەمێكی خۆماڵیی نمایشكران وەكو: كاڵەك، شوتی، فەریكە سێو، تەماتە، باینجان، خەیار، لۆبیا، زەڕات (گەنمەشامی)، توو، شاتوو و چەند بەرهەمێكی تر.

ژمارەیەكی بەرچاو لە هاوڵاتیانی ناوچەكەی سەردانی ئەو پێشانگایەیان كرد بە مەبەستی لە نزیكەوە بینینی ئەو بەرهەمانە و كڕینیان و خواستی زۆریشان لەسەر كڕینی ئەو بەرهەمانە هەبوو، كە خۆماڵیین و بە دەستی جوتیاری ناوخۆیی بەرهەم دەهێنرێن.

ئازاد هەڵەبجەیی، كە بە جوتیارە نمونەییەكەی هەڵەبجە ناسراوە، دەڵێت: نزیكەی ٣٠ جۆر بەرهەمی تایبەت بە وەرزی هاوینم بەرهەم هێناوە لە حەوت دۆنم زەوی كشتوكاڵی، بۆ زیاتر ئاشناكردنی ئەو بەرهەمە ناوخۆیی و خۆماڵییانەش، بە پێویستم زانی ئەم پێشانگایە بكەمەوە و بەردەوامیشی پێ‌ دەدەم و لە داهاتوودا لەسەر شێوازی هەفتە بازاڕ لە كاتی پێگەیشتنیان بەرهەمەكان نمایش دەكەم.

ئەو جوتیارە نمونەییە باسی لەوەش كرد: پێویستمان بە بازاڕێكی ناوخۆیی،ە كە بتوانین بەرهەمەكانمان ساغ بكەینەوە و ئەم جۆرە پێشانگایانەش دەرفەتێكی باشن و پێویستە حكومەتی هەرێم پاڵپشتی جوتیاران بكات بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان ساغ بكەنەوە.

ك.ك/ج