بەغدا وردبینیی بۆ لیستی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دوو وەزارەتەکە دەکات


ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە لیستی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان بەشێوەی بایۆمەتریی ڕادەستی بەغدا کرد و ئەوانیش وردبینی بۆدەکەن.

وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نوێنەرانی هەردوو وەزارەت لەگەڵ دیوانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدراڵ بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"کۆبوونەوەکە جدیی بوو، زانیاریی تەواوی مووچەخۆرانی هەردوو وەزارەتی هەرێم لەلایەن ئێمەوە درا بەبەرپرسانی بەغدا بەشێوەی بایۆمەتریی، موچەی تەواو بێ پاشەکەوت".

هەروەها، هاتووە:"ئەندامانی لیژنەکە لە حکومەتی ناوەند، هەستان بە وەرگرتنی لیستەکان و پێیان ڕاگەیاندین، کە بەزووترین کات دەست دەکەن بە ئەنجامدانی وردبینی خۆیان لە ڕێگەی لیژنەی هونەریی تایبەت بە ووردبینی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی چاودێریی دارایی عێراق، دوای پێکهێنانی لیژنە فەرعییەکان دەست دەکەن بەسەردانی کردنی هەرێم و دەست نیشانکردنی چەند بابەتێک بۆ وردبینی کردن".

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:"ئێمەش ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ تەواوی هاوکاریی و هەماهەنگی و بڕیاردرا کۆبونەوەکان بەردەوام بن و بەپێی پێویست تا ئەو کاتەی وردبینی تەواو دەکرێت".

ش.ف