بەغدا پارە ڕەوانەی کەرکوک دەکات و دیار نییە چۆن خەرج دەکرێت

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاشکرای دەکەن، کە بەغدا زیاتر لە ١٠٠ ملیارد دیناری بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕەوانەی كەركوك کردووە و نازاندرێت، کە بۆچی و لە چیدا خەرج کراوە.


لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆنەبووەتەوە و ئەو بودجەیەی، کە بۆ کەرکوک خەرج دەکرێت، دەچێتە ژێر دەستی ڕاکان جبوری، پارێزگار بەوەکالەتی کەرکوک.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ ڕۆژنیوزی ئاشکراکرد، کە "لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دوو جار بە بڕی جیاواز پارە ڕەوانەی شاری كەركوك كراوە و ڕادەستی ئیدارەی پارێزگا كراوە، یەكەم جار بڕی ٧٢ملیارد دینار و دووەم جار ٧١ ملیارد دینار بووە، كە تایبەت بووە بە بودجەی پترۆل دۆلار و خزمەتگوزاریی".

ئەحمەد عەسکەریی، بە گومانەوە دەیوت، کە دەوترێت گوایە ئەو پارەیە بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی و قەرزی بەڵێندەر خەرج كراوە، بێ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئاگاداری وردەكاریی خەرجکردنەکەی بێت، بۆیە دیار نییە چۆن و بۆ چی خەرج کراوە.

هەروەها، ئەڵماس فازڵ، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسێۆنی یەكێتی، پشتڕاستی کردەوە، کە دوای دەستبەكار بوونی وەك پارێزگای كەركوك ڕاكان سەعید جبوری، چەندین جار پارەی لە بەغدا وەرگرتووە، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی.

ئەڵماس فازڵ، باسی لەوەش کرد، کە پێشتر هەر پڕۆژەیەك هەبوایە، ئەوا ئەنجومەنی پارێزگا كاری لەسەری دەكرد و ڕەزامەندیی لەسەر دەدا، هەرەوەها ئەنجومەن كاری چاودێرییكردنی پڕۆژەكانی لە ئەستۆ بوو، بەڵام ئێستا هیچ كارێك و پڕۆژەیەك ئەنجومەنی لێ ئاگادار ناكرێتەوە، چوونكە ئەنجومەن كارا نیە.

ئەڵماس فازڵ، وتیشی:"كارەكان لەلایەن پارێزگاری كەركوك بەوەكالەتەوە ئەنجام دەدرێن، ئەمەش تاكڕەوەییە لە بڕیارداندا و بەشێکە لە گەندەڵیی گەورە".

ش.ف