بەفر دەرگای ماڵەکانی لە حاجی ئۆمەران کڵۆمداوە

لە چەند شوێنێک دوو مەترو زیاتریش باریوە، دەرگای چەند ماڵێکی بە تەواوی کڵۆمداوە، یەک پارچە جووڵەی لە دانیشتوانی ناوچەکە بڕیوە، تەواوی ڕێگاوبان و سەربانی بەشێک لە ماڵەکانی لەگەڵ یەکتردا یەکسان کردووە.


شەپۆلی بەفربارینی ئەمساڵ لە شارەدێی حاجی ئۆمەرانی سەر بە پارێزگای هەولیر جیاواز بوو، ناوچەکە بەسەختی کەوتەژێر کاریگەری شەپۆلەکەوە، ڕێگاوبانەکانی داپۆشی و جوڵەی دانیشتوانەکەی سنوردارکردووە.

بەرپرسانی کەشناسی و ڕێگاوبانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، ماوەی ٢٨ ساڵە بەفری لەو شێوەیە نەباریوە، عەبدوڵا محەمەد یەكێكە لە دانیشتوانی حاجی ئۆمەران و باس لەوەدەکات، لەگەڵ شەپۆلی بەفرو باران ڕاهاتوون، بەڵام ئەوەی لەگەڵیدا ڕانەیەن، بەدەمەوە نەهاتنی حكومەت و لەبەرچاونەگرتنی تایبەتمەندی ناوچەکەیە وەک پێویست، کەمی سووتەمەنی و گرانی نرخی کارەبا کێشەیەکی بەردەوامی خەڵکی ناوچەکەیە.

لە حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ لە دامودەزگاکان بە خوێندنگاکانیشەوە کرایە پشووی فەرمی، تیمەکانی پاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان نەیانتوانی بەر بە شەپۆلی بەفرەکە بگرن و ڕێگاوبانەکان لەکاتی خۆیدا پاک بکەنەوە، هاتووچۆی مەرزەکەش بە تەواوی داخرا.

محمەد حەمەد یەكێكی دیکەیە لە دانیشتوانی حاجی ئۆمەران و دەڵێت، بەرپرسانی سنورەكە گرنگی بە ڕێگاوبانی ناوچەکە نادەن و وەک پێویست خزمەتی حاجی ئۆمەران ناکەن.

هەرچەندە بەفر بارین لە تەواوی ناوچەکان دەبێتە هۆی دڵخۆشی هاوڵاتیان، بەڵام بۆ ناوچە دوورە دەست و شاخاوییەکان دەبێتە ئافات و هەراسانیان دەکات.

ک.س