بەم جۆرە بەردەوام بێت دابەشکردنی نەوتی سلێمانی ٢٠ مانگی پێویستە

نزیکەی ساڵێکە دابەشکردنی نەوت لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە و هەتا ئێستا تەواو نەبووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی-ش دەڵێت: ئەگەر دابەشکردنەکە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ١٩ بۆ ٢٠ مانگی دەوێت.


لە ٢٥/١١/ی٢٠١٧-وە دابەش کردنی نەوتی سپی لە شاری سلێمانی دەستیپێکردووە، کە هەر خێزانێک یەک بەرمیل (٢٠٠)لیتر نەوتی پێدەدرێت و لە بەرامبەردا ٥٤ هەزار دیناری لێوەردەگیردرێت، بەڵام هەکو ئێستا دابەشکردنی نەوت کۆتایی نەهاتووە و بەشێکی زۆری هاوڵاتیان زستانی ساڵی ڕابردوویان لە چاوەڕوانییدا بەڕێکرد و پێدەچێت زستانی ئەمساڵ-یش بەشە نەوتیان بەرنەکەوێت.

ڕێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانیدا بۆ ڕۆژنیوز هۆکاری سستیی دابەشکردنی نەوتی گەڕاندەوە بۆ کەمیی ئەو برەی، کە ڕۆژانە لە بەغداوە دەگاتە شاری سلێمانی و وتی:"تاکە سەرچاوەی دابەشکردنی نەوت ئەو بڕە نەوتەیە کە لە بەغداوە دێتە هەرێمی کوردستان".

بەپێی وتەکانی ڕێکەوت زەکی، ڕۆژانە وەزارەتی نەوتی عێراق تەنها پێنج تانکەر نەوتی ٣٦ هەزار لیتریی دەنێرێت بۆ پارێزگای سلێمانی، کە دەکاتە ١٨٠ هەزار لیتر، وتیشی:"ئەگەر بۆ هەموو ماڵەکانی پارێزگای سلێمانی یەک بەرمیل نەوتی سپی دابین بکەین پێویستمان بە ١٠٥ بۆ ١١٠ملیۆن لیتر نەوتە".

وەک ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی پێکرد، ئەگەر دابەشکردنی نەوت بەم شێوازە سستە بڕوات، دابەشکردنی نەوت بەسەر هەموو ماڵەکانی پارێزگای سلێمانی نزیکەی ١٩بۆ ٢٠ مانگی دەوێت.

ڕێکەوت زەکی، باسی لەوەشکرد، کە ئەوان وەک لیژنەی نەوت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چەند جارێک بە گفتوگۆ و نووسراوی فەرمیی داوایان لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە بڕی ناردنی نەوت زیاتر بکەن، بەڵام بەغداد دەڵێت، کە لەو بڕە نەوتە زیاتر نانێرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەغداد تاوەکو ۱/ نیسان/ ۲۰۱۹ نەوت دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، پێشبینیش دەکرێت بڕی هەناردە کەمێک زیاتر بکرێت و دابەشکردنی نەوت لە سلێمانی تا ئەوکاتە تەواو ببێت.

سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان و هۆکاری دابەش نکەردنی بەسەر هاوڵاتیاندا، رێکەوت زەکی، وتی:"بەرهەمی نەوتمان هەیە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بازرگانیی پێوە دەکرێت لە بازاڕی ئازاد و وڵاتانی دراوسێ".