بەهای دۆلار و تمەن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیین

نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و تمەنیش بەرامبەر دۆلار هێندەیتر شکا.


لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، بەیانی ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەرامبەر دیناریی عێراقی دابەزی و گەیشتە ١٢٢ هەزار دینار، پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بەرامبەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیدا گەیشتە ١٢٤ هەزار دینار.

هاوکات نرخی تمەنیش بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو نرخەکەی لەدەستدا و لە بەرامبەر ١٠٠ دۆلاردا گەیشتە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراو لە سلێمانی، نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٢٢ هەزار و ٨٠٠ دینار بوو، بەڵام لە نیوەڕۆی ئەمڕۆدا بۆ خوار ١٢٢ هەزاریش دابەزی و گەیشتە ١٢١ هەزار و ٧٥٠ دینار.

دوێنێ بانکی ناوەندی عێراق لەدوای دوو مانگ لە ڕاگرتنی فرۆشتنی دۆلار، دەستیکردەوە بە فرۆشتنی دۆلار و بڕی ١ ملیۆن و ٥٠ هەزار دۆلاری خستە بازاڕو بۆ هەر دۆلارێکیش بڕی هەزارو ١٩٠ دیناری عێراقی دیاریکرد، واتە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١١٩ هەزار فرۆشرا.

ئەمەش بەهای دراوەکانە لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراو لە سلێمانی:

نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٢٢ هەزار و ٨٠٠ دینار

  نرخی ١٠٠  یۆرۆ بەرامبەر ١٣٢ هەزار دینار

  نرخی ١٠٠ پاوەن بەرامبەر ١٤٩ هەزار دینار

  نرخی ١٠٠ هەزار تمەن بەرامبەر ٧٥٠٠ دینار

ک.س