بەهۆی سکاڵای عێراقەوە سبەینێ تورکیا دادگایی دەکرێت

عێراق لە ڕێگای تۆمارکردنی سکاڵاوە لەسەر دەوڵەتی تورک و کۆمپانیای بۆتاش-ی تورکی، دەیەوێت هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕابگرێت، لە بەرامبەر ئەو نەوتەی پێشتریش فرۆشراوە داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبوو لە تورکیا دەکاتەوە.


لە ساڵی ٢٠١٤ دا و لەسەردەمی کابینەکەی نوری مالیکی، حکومەتی عێراق، لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی (icc) سکاڵای لەسەر دەوڵەتی تورک و کۆمپانیای بۆتاش-ی تورکی تۆمارکردووە، لەسەر ئەوەی دەوڵەتی تورک و کۆمپانیای ناوبراو نەوتی هەرێمی کوردستانیان بێ ڕەزامەندی عێراق ڕەوانەی بەندەری جەیهان کردووە.

بۆری نەوتی نێوان تورکیا و عێراق

بەشێک لە نەوتی عێراق لەڕێگەی بۆرییەوە لە شاری کەرکوکەوە ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت، دوو بۆری نەوت لە شاری کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان ڕاکێشراوە.

*بۆری یەکەمیان لە ساڵی ١٩٧٣ دەست بە دروستکردنی کراوە، لە ساڵی ١٩٧٦ تەواو بووە و لەساڵی ١٩٧٧ یەکەم هەناردەی نەوتی لێوەکراوە بۆ بەندەری جەیهان.

*بۆریی دووەم لەساڵی ١٩٨٥ دەست بە دروستکردنی کراوە، لە ساڵی ١٩٨٧ تەواوبووە، هەناردەی نەوت لەڕێگەی ئەم بۆریانەوە بەپێی ڕیککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا ڕێکخراوە، لە ساڵی ٢٠١٠ دا بۆ ماوەی ١٥ ساڵ گرێبەستی ناردنی نەوت نوێکراوەتەوە.

لەساڵی ٢٠١٤ و لەدوای داگیرکردنی شاری موسڵ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە، هێزەکانی عێراق لە شاری کەرکوک کشانەوە، هێزی پێشمەرگە شوێنی گرتنەوە، هەر ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی هەرێم بریاری دا نەوت نەداتە حکومەتی ناوەندی و سەربەخۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت، بۆیە لەڕێگای بۆری کەرکوک- جەیهان-ەوە ڕۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەکرد، لە بەرامبەریشدا حکومەتی عێراق هەم بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و هەمیش سکاڵای لەسەر دەوڵەتی تورک تۆمارکرد لە ژوری بازرگانی جیهانی.

ژوری بازرگانی جیهانی چییە؟

ژوری بازرگانی جیهانی، ڕیکخراوێکی جیهانی بازرگانییە، ناوەندەکەی لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، لە ساڵی ١٩١٩ دامەزراوە بە ئامانجی ئەوەی بازرگانی بەشێوەی ئاشتی و بەپێی یاسا بەڕێوەبچێت، ١٤٠ دەوڵەت ئەندامە تێیدا، کە تورکیاش یەکێکە لەو دەوڵەتانە، دەسەڵاتی چاودێریی کردن و دۆزینەوەی چارەسەریی هەیە بۆ کێشە بازرگانییەکان، هەروەها وەک شایەت یاخود لایەنگر دەتوانێت لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا پشتگیریی ئەو لایەنە بکات کە پێی وایە مافی خوراوە.

سودی تورکیا لە نەوتی هەرێم

دەوڵەتی تورک بە چەند شێوەیەک سود لە نەوتی هەرێم وەردەگرێت، یەکێک لەو ڕێگایانەی کرێی گواستنەوەیە، بەپێی وتەی تەنار یەڵدز وەزیری پێشووی نەوتی تورکیا، لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق و هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ هەر بەرمیلێک تورکیا یەک دۆلار وەردەگرێت، بۆ ئەوەش تورکیا ڕۆژانە ٦٠٠ هەزار دۆلار قازانج دەکات.

تورکیا ڕۆژانە دووملیار دۆلار لە کڕینی نەوتی هەرێم قازانج دەکات

تورکیا ڕۆژانە پێویستی بە ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەیە بۆ ئەوەی پێداویستی ناوخۆیی پڕبکاتەوە، بۆیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی ڕۆژانە بڕێک لە نەوتی هەرێمی بە نرخێکی هەرزانتر لە نرخی جیهانی دەکڕێتەوە، بەپێی ئەو لێدوانانەی لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە دراوە، هەریم ١٠ دۆلار نەوتەکەی بە هەرزانتر دەفرۆشرێت لە نرخی جیهانی، بۆیە ئەگەر تورکیا بە کەمتر لە ١٠ دۆلار نەوتی هەرێم بکڕێت و بڕی ٢٠٠هەزار بەرمیل لە هەرێم بکڕێت، ئەوا ڕۆژانە دوو ملیۆن دۆلاری لە پارەی کرینی نەوت بۆ دەگەڕێتەوە.

یەکێکی دیکە لەو ڕێگایانەی تورکیا سود لە نەوتی هەرێم وەردەگریت، هەڵگرتن و گواستنەوەی پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمە لە 'هاڵک بانکی' تورکیا، ئەوەش پارەیەکی زۆرە.

د. غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی سودی دەوڵەتی تورک لە نەوتی هەرێم دەڵێت: لە سێ مانگی ساڵی ٢٠١٨ دا بایی ملیارێک و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار نەوتی هەرێم فرۆشراوە، ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تورکیا بووە، حکومەتی هەرێم ٩٠٠ ملیۆنی بەرکەوتووە، واتە بەئەندازەی پارێزگایەکی هەرێم سودی نەوتی هەرێم بەر تورکیا کەوتووە.

هەروەها د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە تا 'ئێستاش ڕۆژانە هەرێم ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە ڕەوانەی تورکیا دەکات'، واتا تائێستاش گەیاندنی سودەکانی نەوتی هەرێم بە تورکیا بەردەوامە.

"عێراق داواکە دەباتەوە"

د. غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: بەپێی ماددەی ١١١ دەستوری عێراق، نەوت نەوتی هەموو عێراقە، هەروەها بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستور نەوتی هەموو عێراق لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت، هەرێمی کوردستان و تورکیا پێشێلی ئەوەیان کردووە، بۆیە حکومەتی عێراق سکاڵای کردووە.

هەروەها پێی وایە کە، عێراق ئەو داوایە دەباتەوە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان و تورکیا پێشێلی ئەو بەندە دەستوریانەی عێراقیان کردووە، بۆیە عێراق لە سکاڵاکەدا سەردەکەوێت و تورکیا دەبێت ئەو پارەی قەرەبووە بداتەوە بە عێراق.

جێگای ئاماژەیە، سبەینێ ٢٦ی مانگ، دادگایی دەوڵەتی تورک لەسەر سکاڵاکەی حکومەتی عێراق لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، ئەگەر حکومەتی عێراق لە داواکەدا سەربکەوێت ئەوا پێویستە دەوڵەتی تورک و کۆمپانیای بۆتاش، بڕی ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبوو بدەنە حکومەتی عێراق، هەروەها پێویستە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان ڕابگیرێت، بۆیە دەکرێت بڵێین بە بردنەوەی ئەو داوایە ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە، هەروەها ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی تورک ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەست دەبێتەوە.

س.ح