بەهۆی فێڵێکەوە وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی مەخمور ڕاگیراوە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی فێڵێکەوە سایلۆی شارۆچکەی مەخمور وەرگرتنی گەنمی لە جووتیارانی سنوورەکە ڕاگرتووە، بۆ لەمەودواش وەرگرتنی گەنم لە جووتیار بە فۆڕم دەبێت.


دکتۆر کاوە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، هۆکاری ڕاگیرانی وەرگرتنی گەنمی لە سایلۆی شارۆچکەی مەخمور-ی سەر بە پارێزگای موسڵ-ی ئاشکراکردووە.

کاوە محەمەد باسی لەوەکردووە، کە چەند ڕۆژێکە جووتیارانی شارۆچکەی مەخمور لە سایلۆی شارۆچکەکە کێشەی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان بۆ دروستبووە، "کەمێک پێش ئێستا بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە، پەیوەندیم کرد بە محەمەد هاشم، وەزیری بازرگانیی عێراق و هۆکاری ڕاگرتنی وەرگرتنی گەنمی لە سایلۆکە پێی ڕاگەیاندم".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە زاری وەزیری بازرگانیی عێراقەوە ئەوەی خستووەتەڕوو: بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی نیشتمانیی ڕاپۆرتێکیان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانیی کردووە، تێیدا ئاشکرایانکردووە کە گەنمی قاچاخ لە دەرەوەی عێراقەوە بە ١٥٠ دۆلار هێندراوە و هەوڵدراوە کە لە سایلۆی مەخمور بە ٥٠٠ دۆلار ساغبکرێتەوە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرابکرێت کە ئەو کارەیان کردووە.

هەر بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەکە، ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە وەزیری بازرگانیی عێراق ڕایگەیاندووە، کە "کاری واش کرابێت، نابێ جوتیاری راستەقینە و شایستە مافی بخورێت"، لە وەڵامیشدا وەزیری بازرگانیی وتویەتی، کە لە ئێستادا بۆ ڕێگرییکردن لەو کارە، دەستیانکردووە بە دابەشکردنی فۆڕم بەسەر جووتیارانی ناوچەکەدا و تەنها ئەو جووتیارانە گەنمەکانیان لێ وەردەگیرێت، کە لە ڕێگای پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمانەوە دەیسەلمێنن، کە زەوییان هەیە و چاندوویانە و دووریویانەتەوە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦یشەوە، د.کاوە محەمەد دەڵێت، کە قسەی لەگەڵ وەزیری بازرگانیی عێراق-دا کردووە و بەمزووانە وردەکارییەکانی بڵاودەکاتەوە.

س.ح