بەهۆی مەترسی هاتنی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا نرخی نەوت دابەزییەوە

لە ترسی هاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دووبارە نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهان دابەزینی بەخۆیەوە بینی.


بەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخی نەوت لە ترسی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەتایبەت کە ئێستا چەند وڵاتێک هەستاون بە کەمکردنەوەی ڕێکارە تەندروستییەکان و هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ.

کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٢٩.٥٨ دۆلار جێگیر کراو بەراورد بە دوێنێ ١.٢٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هاوکات نەوتی تەکساسیش ١٠ سەنت دابەزینی بەخۆیەوە تۆمار کرد و بە ٢٥.٦٨ دۆلار جێگیر کرا.

دوێنێ پەیمانگای نەوتی ئەمریکی ڕایگەیاند، عەمبارەکانی نەوتی خاو بڕی ٧.٦ ملیۆن بەرمیل نەوتیان تێدایە کە بەوتەی شیکەرەوانی ئابووری ئەو وڵاتە، ٤.١ ملیۆن بەرمیلی زیادەیە، هەر ئەوەش وایکردووە خواست لەسەری تاڕادەیەک کەم ببێتەوە.

بە پشت بەستن بە زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبوونی کۆرۆنا لە چەند وڵاتێک، دوێنێ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتانەی قەدەغەی هاتووچۆیان هەڵگرتووە و نیگەرانی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕی کە حکومەتی وڵاتان ڕێنماییە تەندروستیەکانیان فەرامۆش کردووە.

ک.س