بە بەهای ٤.٦ ملیار دۆلار نەوتی بەسرە بەهەدەر دراوە

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست چەند پەرلەمانتارێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كەوتوون، بڕی ٤.٦ ملیار دۆلار لە کێڵگەیەکی نەوتی بەسرە بەهەدەر دراوە و بەڵگەکانیش ڕەوانەی دادگا کراون.


دوێنێ، زەهرە  بەچاری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا، ڕایگەیاند، کە كۆمپانیای نەوتی بەسرە بەرپرسە لە بەهەدەردانی بڕی ٤.٦ ملیار دۆلار لە کێڵگەی نەوتی مەجنون.

زەهرە، ڕوونییکردەوە، کۆمپانیای شەل، کە کاری وەبەرهێنانی لە کێڵگەی مەجنون کردووە لە بەسرە، گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەبووە، ماوەیەکی زۆر کاری وەبەرهێنانی ڕاگرتووە، ئەمەش هۆکاربووە ئەو زیانە و وەزیری نەوتیش لە نووسراوێکدا لە ٢١/٧/٢٠١٣ ڕایگەیاندووە، کە کۆمپانیاکە بووتەهۆی هۆی زیان گەیاندن بە بڕیی ٤.٦ ملیار دۆلار.

بە وتەی زەهرە، هەر ئەوکات وەزیری نەوت داوای قەرەبووی لە کۆپانیاکە کردووە، فەرمانی کردووە ڕێکاری پێویستی لەبەرامبەردا بگرنە بەر، بەڵام لەلایەن بەڕێوبەری بەوەکالەتی کۆمپانیای نەوتی بەسرەوە چاوپۆشیی لێکراوە، بۆیە ئەو پەرلەمانتارە، بەڕێوبەری بەوەکالەت هۆکاری بەهەدەردانی ئەو بڕە پارەیە دەزانێت.

زەهرە بەچاری، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە بەپێی گرێبەستەکە، پێویست بوو، کۆمپانیای نەوتی شەل، بەر لە تەواوبوونی ئەو وادەیەی، کە لە گرێبەستەکەدا دیارییکراوە، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٨ کارەکانی لە کێڵگەی نەوتی مەجنون کۆتایی پێهێناوە و ڕێکاری پێویستیشی لەبەرامبەر نەگیراوەتە بەر، بۆیە وەک پەرلەمانتار بەڵگەکانیان ئاڕاستەی دادگای فیدراڵیی عێراق کردووە، تا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکەن.

جەختیشیکردەوە، کە لەسەر ئەو پرسە بێدەنگ نابن و چاودێریی وردی دەكەن.

ش.ف